پێنتاگۆن سەبارەت بە هەر ئۆپراسیۆنێک لە باکووری سووریا هۆشداری دەدات
پەیامی کورد ... پێنتاگۆن سەبارەت بە هەر ئۆپراسیۆنێک لە باکووری سووریا هۆشداری دەدات
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا پێنتاگۆن رایگەیاند، هۆشداری دەدات لە مەترسییەکانی هەر کردەیەکی سەربازی لە باکووری سووریا چوونکە کاریگەری لەسەر شەڕی دژی داعش دەبێت و دەستکەوتەکانی دژی تیرۆریش دەخاتە مەترسییەوە.
پاتریک رایدەر، ووتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا پێنتاگۆن ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا باسی لەوەش کرد ، لەئێستادا هێزەکانی سووریای دیموکرات مانۆڕی گەڕانی هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کەم کردوەتەوە، هۆکارەکەشی بۆ هێرشەکانی تورکیا دەگەڕێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێنتاگۆن هۆشداری دەدات لە کاریگەرییەکانی هەر کردەیەکی سەربازی تورکیا لە باکووری سووریا، چوونکە ئەنجامدانی هێرشی زەمینی لەلایەن تورکیاوە بۆسەر باکووری سووریا دەستکەوتەکانی دژی داعش دەخاتە مەترسییەوە.
ووتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا پێنتاگۆن دەڵێت، ئەوان لە هاوکاریکردنی هەسەدە بەردەوام دەبن، لە هەمان کاتیشدا لە نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا تێدەگەن سەبارەت بە "کردەوەی تیرۆریستی" کە لەسەر سنوورەکانی روویانداوە، بۆیە داواش لە ئانکارا دەکات دان بەخۆیدا بگرێت.
لای خۆیەوە هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاندوە، ئەوان مامەڵەی هاوشێوە دەکەن بەرامبەر ئەگەری هێرشی تورکیا بۆسەر ناوچەکانیان، لە هەموو دۆخێکیشدا ئامادەن بۆ بەرگریکردن لە ناوچەکانیان و داواش لە واشینتۆن دەکەن هەڵوێستی بەهێزتری هەبێت بەرامبەر هەڕەشەکانی ئانکارا.
ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە