پێنتاگۆن: میلیشیاکانی کۆماری ئیسلامی و پەکەکە لە عێراق دژی سوپای تورکیا یەکیان گرتووە
پەیامی کورد ... پێنتاگۆن: میلیشیاکانی کۆماری ئیسلامی و پەکەکە لە عێراق دژی سوپای تورکیا یەکیان گرتووە
بە گوێرەی نوێترین ڕاپۆرتی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن)، بۆ بەرپەرچدانەوەی هێزەکانی تورکیا لە عێراق، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەستی هاوپەیمانی بۆ گرووپە تیرۆریستییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە عێراق درێژ کردووە.
به پێی ڕاپۆرتێک لە دوایین زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی ئەلمۆنیتۆر، چاودێری گشتی پێنتاگۆن ڕایگەیاند: زانیارییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەرخەری ئەم ڕاستییەن کە میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لەگەڵ پەکەکە ڕێک کەوتوون لەسەر بەرپەرچدانەوەی هێزەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و هێرشەکانیان.
گرووپە میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی، پێشێلکردنی سەروەری عێراق و هێرشی سەربازی تورکیا بۆسەر پەکەکەیان ئیدانە کردووە.
پشت بەم ڕاپۆرتانە، ئەم میلیشیایانە بەرپرسن لە چەندین هێرشی مووشەکی لە عێراق و سووریا.
ئاژانسی زانیارییەکانی بەرگری ئەمریکا (DIA) لە ڕاپۆرتێک بڵاو کردووەتەوە؛ هەندێک لە هێرشەکان لە ناوخۆی عێراق "بە هاوکاری پەکەکە" جێبەجێ کراوە.
لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە: پاش هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر پەکەکە لە مانگی فێبریوەری لە هەرێمی کوردستان، گرووپێکی نوێی میلیشیا کە سەر بە کۆماری ئیسلامی یە، لە باکووری مووسڵ هێرشی مووشەکییان کردووەتە سەر بنکەیەکی سەربازی لە تورکیا. ئەم بنکە سەربازییە لە نزیک زلیکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی مووسڵە، و لەم ساڵانەدا بە بەردەوامی هێرشی مووشەکی کراوەتە سەری.
میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان، ووڵامی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و مووشەکییەکانی تورکیا دەدەنەوە و هێرش دەکەنە سەریان.
ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە