پێویستە تەمەنی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان، شەش مانگ درێژ بکرێتەوە

پەیامی کورد  ...  پێویستە تەمەنی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان، شەش مانگ درێژ بکرێتەوە

پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە یاسای کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق کردووە و بڕیاردەری فڕاکسیۆنی پارتیش پێی وایە، پێویستە بۆ قۆناغی ئێستا و بڕیارە بۆ شەش مانگی تەمەنی کۆمیسیۆن درێژ بکرێتەوە.

شوان کەلاری، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: لە سەرەتای ساڵی نوێ وادەی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق کۆتایی دێت و ئاستەنگ بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق درووست دەبێت، چونکە لە ڕۆژی ١٨ی مانگی داھاتوو ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەدەچێت، پێویستە کۆمیسیۆن ئەنجامەکانی پەسەند بکات، لەلایەکی دیکەوە بڕیارە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش لە مانگی شوباتی ئایندەدا بەڕێوەبچێت، ھەر دیسان پێویستە کۆمیسیۆن کارابێت لەبەر ئەوە ئێمە لەگەڵ درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمیسیۆنین.
بڕیاردەری فڕاکسیۆنی پارتی ووتیشی: پڕۆژە یاسای کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق گەیشتووتە پەرلەمان و خوێندنەوەی یەکەمی بۆکراوە، بڕیارە لە سەرەتای حەفتەی داھاتوو خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت و چوار ڕۆژ دواتر دەنگ لەسەر پڕۆژە یاساکە بدرێت و بۆ ماوەی شەش مانگ تەمەنی کۆمیسیۆن درێژ بکرێتەوە.
شوان کەلاری ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ئەگەر تەمەنی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن درێژ نەکرێتەوە مەترسی لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش درووست دەبێت، لەوانەیە پرۆسەکە هەر بەڕێوەنەچێت بەبێ کۆمیسیۆن بۆ ئێمە وەک ھەرێمی کوردستان، پێویستە تەمەنی کۆمسیۆن درێژ بکرێتەوە تا بتوانێت سەرپەرشتی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات.


ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە