پێگەی ھەرێم لەسەر نەخشەی ووزەی جیھانی بەھێزتر و دەگۆڕدرێت

پەیامی کورد     ...    پێگەی ھەرێم لەسەر نەخشەی ووزەی جیھانی بەھێزتر و دەگۆڕدرێت

هەرێمی کوردستان خاکێکی بەپیت و دەوڵەمەندە، لە سووتەمەتی سرووشتی و"Natural Gas"  تەنیا کۆمپانیا نێودەوڵەتییە بەهێزەکانی دەوێت، وەبەری بهێنێت، ئەندازیارێکی پێتڕۆڵ یش دەڵێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامانجی گەورەی هەیە لە وەبەرهێنانی گازی سرووشتی، ئەو کاتەش ناو و پێگەی کوردستان لەسەر نەخشەی ووزەی جیهان بەهێز دەبێت و نەوەی دواڕۆژ بەرهەمەکەی دەبینن.

هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی نزیکەی ٥,٧ تریلیۆن مه‌تر سێجا گازی سرووشتییه‌ و له ساڵی ‌٢٠٢١ گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ كۆمپانیای ڕۆس نه‌فتی ڕووسی واژوو کردوە‌ تا بۆڕی گازی سرووشتی هه‌رێم بۆ توركیا ڕابكێشێت.

سەبارەت بەمە و چەند پرسێکی تر، محەمەد خالد شەرەفانی، ئەندازیاری پێتڕۆڵ و پسپۆڕ لە بواری سووتەمەنی سرووشتی، ڕایگەیاند: ''جێگای دڵخۆشی یە کە هەرێمی کوردستان لە بواری گازی سرووشتیدا داهاتوویەکی گەشی لە بازاڕی جیهاندا هەیە، ژمارەی ٥.٧ ژمارەیەکی ڕاستەوڕاست نییە و دەخەمڵێندرێت بە ٢ تا ٦مەتر سێجا.''

سەبارەت بەوەی کە بۆچی هەرێمی کوردستان لە هەوڵی ئەوەدایە بەرهەمی گاز زیاد بکات، ووتی: ''حکوومەت دەیەوێت سەرچاوەی داهاتی زیاد بکات و هەر ووڵاتێک بۆ ئاسایشی وزە و سەقامگیری ئابووری، نابێت تەنیا پشت بە یەک سەرچاوە ببەستێت، شارەزایانی بواری وزە دەڵین ئەگەر بەرهەمەکانی نەوت نەما کە بە پلەی یەکەم دێت وەک ووزە، گازی سرووشتی دەبێتە جێگرەوەی نەوت و ئەو بە پلەی یەکەم دێت، ئەمە بابەتێکی باشە کە لە هەرێمی کوردستان هەیە.''

ئەم ئەندازیارەی پێتڕۆڵ و سووتەمەنی سرووشتی دەشڵێت: “ئەگەر مامەڵەیەکی ژیرانە هەبێت لەگەڵ گازی سرووشتی هەرێمی کوردستان، پێگەی هەرێم بەهێزتر دەبێت و دەکەوێتە نێو بواری وزەی جیهانەوە، پێگەی سیاسی هەرێمی کوردستانیش جێگیر دەکات، گەر بێت و سەیری بکەین یەکێک لە هۆکارەکانی بەهێزی کوردستان ئەوەیە کە نەوتمان بەرهەم هێناوە، بەم هۆیەوە پێگەی دیپلۆماسی هەرێمی کوردستان لە جیهاندا بڵندە، ئەگەر هات و دەست بە بەرهەمهێنانی گاز بکەین و بۆ ووڵاتانی تر ڕەوانەی بکەین، پێگەی سیاسیی کوردستان بەهێزتر دەبێت لە عێراقی فیدڕاڵدا.''

ئاماژەی بەوەش دا: ''شتێکی تر کە لە کوردستان هەمانە کێشەی تەزووی کارەبایە، حکوومەت تۆربینی هەیە، وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبامان هەیە، بەڵام کێشە ئەوەیە بەرهەم، یا ئەو پێداویستییانەی دەمانەوێ، سەرچاوەی سرووشتییە تا تۆڕبینی زیاتر بەکار بهێنن، تا بتوانن کارەبا زیاتر بەرهەم بهێنین بۆ ناوخۆی کوردستان، یەکێک لەمانە گازی سرووشتیە، ئەمە هەبێت، کارەبا زیاتر بەرهەم دێت و کێشەی کەمی کارەبا نامێنێت.”

محەمەد شەرەفانی ووتیشی: “گازی سرووشتی کارتێکی گرینگە لە هەرێمی کوردستان و بەردەوام لە زیادبوون دایە، هەتا حکوومەتی هەرێم وتوویە هاوکاری هەر کۆمپانیایەک دەکەین لە هەر شوێنێک بێت و بتوانێت وەبەرهێنان لە گازی سرووشتیدا بکات، لە هەر ناوچەیەک بێت هەلی کار زۆر دەبێت، چ کۆمپانیایەکی وەک ڕۆسنەفت بێت، چ کۆمپانیای خزمەتگوزاری بێت، ئەمە هەلی کار زیاد دەکات.''

ئەم ئەندازیارەی پتڕۆڵ و سووتەمەنی سروشتی جەختیشی کردەوە: ''ئەگەر بە شێوە ئەرێنییەکەی بیخوێنینەوە، ئامانجی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی، زیادکردنی داهات و زیادکردنی بەرهەمی کارەبایە و کارتێکی بەهێزیشە بۆ هەرێم و پشتیوانییەکی زیاترمان دەبێت بۆ پێگەیەکی بەهێزتر لەسەر نەخشەی وزەی جیهانی و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیش زیاتر دەکات، لەگەڵ ئەمانەش هەلی کار بۆ خەڵکی ناوچەکە دەڕەخسێنێت.''

بڕیاره‌ له‌ توركیا بۆڕی گازی سرووشتی كوردستان له‌ڕێی پڕۆژه‌ی ''تاناپ''ـەوە ببه‌سترێته‌وه‌ به‌ بۆڕی گازی ئازه‌ربایجان-جۆرجیا بۆ توركیا و بولگاریا و له‌وێوه‌ بگه‌ێندرێت به‌ ئه‌ورووپا، ئەمەش بۆ هەرێمی کوردستان و نەوەی دواڕۆژ کارتێکی بەهێز و ژێرخانێکی ئابووری زۆر باشە.


ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە