پەرلەمانتارێکی پارتی : ئەمڕۆ وەزیری دارایی عێراق بانگێشتی پەرلەمان دەکرێت
پەیامی کورد ... پەرلەمانتارێکی پارتی : ئەمڕۆ وەزیری دارایی عێراق بانگێشتی پەرلەمان دەکرێت
پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ئەمڕۆ وەزیری دارایی بانگێشتی پەرلەمان دەکرێت و کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانی ڕووبەڕوو دەکرێتەوە.
شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی ڕایگەیاند: ئەمڕۆ نیوەڕۆ وەزیری دارایی عێراق بانگێشتی پەرلەمان دەکرێت و لەسەر چەند پرسێک لیژنەی دارایی و وەزیری دارایی کۆدەبنەوە، لەوانەش پرسی باج و گومرک و چەند پرسێکی دیکەی پەیوەست بە وەزارەتی دارایی، هاوکات کێشەی مووچەی
فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانیش لەگەڵ تەیف سامی باس دەکرێت.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دەشڵێت: ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراق ئەو ئاستەنگانەی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان دروست کراون ڕووبەڕووی وەزیری دارایی دەکرێنەوە، چوونکە ناکرێت دوای چەندین چاوەڕوانی ئێستا بەغدا بەو شێوەیە مووچە بۆ ھەرێمی کوردستان بنێرێت.
شێروان دووبەردانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: بەداخەوە وەزارەتی دارایی عێراق پابەندی ڕێککەوتن و بەڵێنەکانی حکوومەتی فیدڕاڵ نییە، چونکە تا ئێستا وەزارەتی دارایی تەنیا مووچەی ٥٩%ی فەرمانبەرانی ناردووە، ئەوەیش پێچەوانەی ڕێککەوتنی پێشووی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵە، پێشتر سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی عێراق ڕێککەوتووە بۆ دیاری کردنی پشکی ھەرێمی کوردستان بۆ مووچەی فەرمانبەران.
ئەم بابەتە 11375 جار خوێندراوەتەوە