پەرلەمانی یەکیتی ئەورووپا یەکجاری تورکیا لە ئەندامبوونی ئەو یەکیتی یە بێ هیوا کرد

پەیامی کورد     ...  پەرلەمانی یەکیتی ئەورووپا یەکجاری تورکیا لە ئەندامبوونی ئەو یەکیتی یە بێ هیوا کرد

پەرلەمانی یەکیتی ئەورووپا سەرەڕای سەرکۆنەکردنی تووندی سەپاندنی سزای زیندانی هەمیشەیی بەسەر عوسمان کاڤالای چالاک و پیاوی خاوەنکاری تورکی لەلایەن دادگای تورکییەوە، لەهەمان کاتیشدا رایگەیاندووە کە ئەنکەرە بەو هەنگاوەی هیچ ئومێدێکی بۆ دەستپێکردنەوەی دانووستانەکانی تایبەت بە ئەندام بوونی ئەو وڵاتە لە یەکیتی ئەورووپا نەهێشتۆتەوە.

لە ٢٥ی مانگی نیسانی ئەمساڵ، دەسەڵاتدارانی تورکیا سزای زیندانی هەمیشەیی یان بەسەر عوسمان کاڤالادا سەپاند کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ وە بەتۆمەتی تێوەگلانی لە هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی تورکیا بەسەر حکومەتەکەی رەجەب تەییب ئەردۆغان دا دەستگیر کراوە.

پەڕلەمانتارانی ئەورووپا لە بڕیارەکەیاندا ووتوویانە" تورکیا  لە دۆسییەکانی عوسمان کاڤالا و دۆسییەکانی تردا، هەموو ئەو ئومێدانەی لە باربرد کە بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی دانووستانی بە ئەندامبوونی تورکیا بۆناو یەکێتی ئەورووپا هەیبوون، ئەویش لەڕێگای  تەحەدداکردنی ئاشکرای بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا کە سیفەتی پابەندیان هەیە و تورکیاش ئەندامە تێیدا.

دانووستانەکانی نێوان ئانکەرا و بڕۆکسل تایبەت بە ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتی ئەورووپا کە لە ساڵی ٢٠٠٥ وە دەستیانپێکردووە، بەهۆی چەندین دۆسییەی جێگای ناکۆکی نێوان هەردوولا وەستاون و هێشتا دەستیان پێ نەکردۆتەوە، کە لە دیارترینیان پێشێلکردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ و پاشەکشەی تورکیایە لە بواری دیموکراتییەت و ئازادییەکان.


ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە