پەرلەمان داوای خێراتر کردنی پرۆسەی چاكسازی وەزارەتی پێشمەرگە دەکات

پەیامی کورد     ...     پەرلەمان داوای خێراتر کردنی پرۆسەی چاكسازی وەزارەتی پێشمەرگە دەکات

جێگری سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەێنێت، وەزارەتی پێشمەرگە پێنج لیژنەی بۆ ئەنجامدانی چاكسازی لە ھەموو سێكتەرەكان پێك هێناون و دەستبەكار بوون. دەشڵێ: "ئێمەش وەكوو لیژنەی خۆمان، بانگھێشتی  لیژنەكان دەكەین، بۆ ئەوەی بزانین كارەكانیان بە كوێ گەیشتووە".

سەعید ھەركی، جێگری سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان  ووتی: "وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، پێنج لیژنەی بۆ ئەنجامدانی چاكسازی پێك ھێناون، كە لە ھەموو سێكتەرەكان چاكسازی ئەنجام بدەن و لیژنەكانیش كاری خۆیان دەكەن، هەروەها ئێمەش بەدواداچوونی بۆ دەكەین، بۆ ئەوەی بزانین كاری لیژنەكان بە چ قۆناغێك گەیشتووە و ئاگاداری ھەنگاوەكانی ئەوان بین، بۆیە بانگھێشتی پەرلەمانمان كردوون و چاوەڕێ دەكەین بێنە پەرلەمان و ڕوونكردنەوە لەبارەی كارەكانیانەوە بدەنە ئێمە".

جێگری سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان ووتیشی: "داوا دەكەین پرۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە خێراتر بكرێت و پەلە بكەن لە كارەكانیان، بۆ ئەوەی تەواوی بكەن، چوونكە ئێمە ھەست دەكەین كارەكان ھەندێك بە سستی بەڕێوە دەچن، ھەر بۆیە وەكوو پەرلەمان بڕیارمان داوە بانگھێشتی پەرلەمانیان بكەین".

ھەركی باسی لەوەش كرد: "بڕیاری بانگھێشتكردنیان دراوە و تەنھا ماوە رۆژێك دیاری بكەن و بێنە پەرلەمان، چوونكە ئێمە پێویستمان بە ڕوونكردنەوە ھەیە و وەكو پەرلەمانیش چاودێریی كارەكانی حكوومەت دەكەین".


ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە