پەکەکە و سوپای عێراقی لە شەنگال بەرامبەر بە یەک وەستاونەتەوە

پەیامی کورد     ...    پەکەکە و سوپای عێراقی لە شەنگال بەرامبەر بە یەک وەستاونەتەوە

 فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگەی شەنگال دەڵێ، پەكەكە و سوپای عێراق لە شەنگال بەرامبەر یەكتری وەستاون و، سوپای عێراقیش هێزێكی گەورەی لە شنگال كۆ كردووەتەوە.

عەقید لوقمان گلی، یەکێک لە فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگەی شەنگال ڕایگەیاند : "سوپای عێراق هێزێكی گەورەی لە شەنگال كۆ كردووەتەوە و پەكەكەش هەموو هێزەكانی خۆی ئامادە كردووە، بۆیە لە چیای شنگالدا هەردوو هێز بەرامبەر یەكتری وەستاون".

ئەو فەرماندەیە ووتیشی: "ماوەكەی پەكەكە تەواو بووە، سوپای عێراقیش ئەو فەرماندانەی سوپاكەی گۆڕیون كە هاوكاریی پەكەكەیان دەكرد، هەروەها هەموو ڕێگاكانی نێو شارۆچكەكانی شەنگال و چیایەكەی بەسەر پەكەكەدا داخستوون، پەكەكەش دەیەوێ بە ناوی ئێزدییانەوە شەڕێك دژی سوپای عێراق بەرپا بكات".

گلی ئاماژەیشی دا، كەتیبەی پشتیوانی سوپای عێراق و لیوای ''دووپشك'' لە شەنگالن، چوونكە ئەمە چەندین جارە سوپای عێراق داوا لە پەكەكە دەكات هێزەكانی لە شەنگال دەربچن، كەچی ناچنە دەرەوە، بۆیە ئەمجارە سوپای عێراق بێ ئەوەی گفتوگۆ بكات، بە زەبری هێز پەكەكە دەكاتە دەرەوە.


ئەم بابەتە 11986 جار خوێندراوەتەوە