پەیامی تووندی ئاراس جەنگی : "مادام بافڵ تاڵەبانی حەزی لە شێتخانەیە با واز لە یەکێتی بێنێ و حیزبێکی تر بەناوی یەکێتی شێتخانەکانی کوردستان دابنێ
پەیامی کورد ... پەیامی تووندی ئاراس جەنگی : "مادام بافڵ تاڵەبانی حەزی لە شێتخانەیە با واز لە یەکێتی بێنێ و حیزبێکی تر بەناوی یەکێتی شێتخانەکانی کوردستان دابنێ
لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاراس شێخ جەنگی رایدەگەینێت:"ئێمە خاوەنی یەكێتین و بۆی ژیاین و خەباتمان بۆیكرد، نەوەك ئەو یەكێتیەی ئەو بافڵ تاڵەبانی ناوی ناوە شێتخانە".
ئەم روونكردنەوەی ئاراس شێخ جەنگی دوای ئەوە هات ئێوارەی دوێنێ لە بازگەی سلێمانی - دووكان رێگری لێكراوە لاهوور شێخ جەنگی بە هێزێكەوە گەیشتە بازگەكە، لەوبارەیەوە سەرچاوەیەکی یەکێتی هەوڵی ڕێگریکردن لە ئاراس شێخ جەنگی پشتڕاست کردوەتەوە.
سەرچاوەکەی یەکێتی دەڵێت "پرسیاری لێكراوە بۆچی چووەتە هەولێر و ئەژی ئەمینی بینیوە".
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش كرد:"دواتر رێی پێدراوە رۆیشتووەو لە نزیك بازگەكە وەستاوە هەتا هێزێكی لاهوور شێخ جەنگی هاتوونەو بردوویانەتەوە".
ئاراس شێخ جەنگی لە ڕاگەیندراوێکدا ووتی، "دوای ئەوەی لەچەند ڕۆژی ڕابردوو بافڵ تاڵەبانی لە کۆڕبەندی ساڵانەی هەولێر ڕایگەیاند من حەزم لەو شێتخانەی حیزبایەتیەیە ، دیارە ئەمە سووكایەتیەكی گەورەیە بە يەكێتی و بەو خەباتەی كە زیاتر لە ٢٢ هەزار كەس لە پێناویدا شەهید بوون، ئەو حیزبە گەورە و خاوەن مێژووە قوربانی دانەو ئەو حیزبەی سەرۆکەکەی جەنابی مام جلال بوو خاوەنی ڕووبارێک خوێن و داستانە کەچی ناوبراو ناوی لێنا شێتخانەی حیزب، بۆیە منیش وەک ووڵامێکی تەنز ئامێز پۆستێکم کرد ووتم یەکێتی شێتخانەکانی کوردستان بەو مانایەی باشترە ناوبراو مادام حەزی لە شێتخانەیە با واز لە یەکێتی بێنێ و حیزبێکی تر بەناوی یەکێتی شێتخانەکانی کوردستان دابنێ ، بۆیە دووپاتی ئەوە دەکەمەوە کە ئێمە خاوەن و دڵسۆزی ئەو یەکێتیەین کە بۆی ژیاین و قوربانی و خەباتمان بۆ کردووە بەشانازییەوە .نەوەک ئەو یەکێتیەی ئەو ناوی ناوە شێتخانە یان یەکێتی نوێ".
ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە