پەیامی سەرۆکی حکوومەت لەبارەی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە

پەیامی کورد   ...   پەیامی سەرۆکی حکوومەت لەبارەی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەبۆنەی بوونی ھەڵەبجە بە پارێزگای چوارەمی ھەرێمی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت: ئەم بڕیارە کەمترین پادداشتی ئازار و مەینەتییەکانی خەڵکی نیشتمانپەروەر و خۆشەویستی ھەڵەبجەیە.

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان:

بە بۆنەی پەسەندکردنی یاسای بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە خەڵکی تێکۆشەر و قوربانیدەر و ستەم لێکراوی ھەڵەبجەی شەھید دەکەم. ئەم بڕیارە کەمترین پادداشتی ئازار و مەینەتییەکانی خەڵکی نیشتمانپەروەر و خۆشەویستی ھەڵەبجەیە.

دەستخۆشی لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکەم و ھیوادارم تەواوکردنی ڕێکارەکانی بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە، ببێتە دەستپێکێک بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی ئەم پارێزگایە. لەم ڕووەوە، لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ لە پەیوەندی بەردەوام دا دەبین بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی شایستە، خزمەتی ئەو دەڤەرە بکرێت و بوودجەی تایبەت بۆ زیاتر ئاوەدانکردنەوەی ھەڵەبجە تەرخان بکرێت.

حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش، کە ھەمیشە خۆی بە قەرزاری قوربانیدانەکانی بنەماڵە و کەسووکاری شەھیدە سەربەرزەکانمان دەزانێت، بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر بە خەڵکی پارێزگای ھەڵەبجە و ھەموو ناوچەکانی دیکەی کوردستان.

 

مەسروور بارزانی

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان

١٤-٤-٢٠٢٥


ئەم بابەتە 29 جار خوێندراوەتەوە