پەیامی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی كوردی یەوە
پەیامی کورد ... پەیامی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی كوردی یەوە
سهرۆكی ههرێمی كوردستان به بۆنهی جهژنى نهورۆزى نهتهوهیى و سهرى ساڵى نوێى كوردیهوه پیرۆزبایی له كورد و تهواوی گهلی كوردستان به ههموو پێكهاتهكانییهوه دهكات و ڕایدهگهێنێت، نهورۆز هێمای ئازادی و نوێبوونهوه و ژیانهوهیه، جهژنی هیوا و ئیراده و ههستانهوه و خۆڕاگری و تێڕوانینه بۆ داهاتوویهكی باشتر.
ئهمهی خوارهوه دهقی پهیامهكهی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە:
نەورۆزی نەتەوەیی و سەری ساڵی نوێی کوردی لە تەواوی نەتەوەی کورد و ھەر کوردێک لە ھەر کوێی جیھان بێت، ھەروەھا لە تەواوی گەلی کوردستان بە ھەموو پێکھاتەکانییەوە پیرۆز دەکەم. بە گەرمی پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان، لە پێشمەرگە قارەمانەکان و ھێزە ئەمنییەکان دەکەم، ھیوادارم ھەمووان جەژنێکی خۆش و ئارام بەسەر بەرن و جەژنی کامەرانی و ئاسوودەیی بێت.
نەورۆز ھێمای ئازادی و نوێبوونەوە و ژیانەوەیە، جەژنی ھیوا و ئیرادە و ھەستانەوە و خۆڕاگری و تێڕوانینە بۆ داھاتوویەکی باشتر. ھەروەک چۆن مەشخەڵی نەورۆز بە درێژایی مێژوو سەرچاوەی ئیلھام بووە بۆ گەلی کوردستان، ئەمڕۆش بانگەوازێکی نوێیە بۆ یەکڕیزی و لێکگەیشتن و ھاوکاری لەپێناو پاراستنی ماف و دەستکەوتە دەستوورییەکان و فیدراڵی و قەوارەی سیاسیی ھەرێمی کوردستاندا.
جەژنی نەورۆز لە کاتێکدا دێتەوە کە ناوچەکە و جیھانیش لە دۆخێکی ھەستیاردان. تێپەڕاندنی سەرکەوتووانەی ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕوومان دەبنەوە، پێویستی بە کاری ھاوبەش و گفتوگۆی بونیاتنەری لایەنە سیاسییەکان و پێکھاتەکانە لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و لەگەڵ بەغدا، بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیری و بەھێزکردنی دیموکراسی و دادپەروەری و مافەکانی مرۆڤ.
ئاشتی و ئاشتیخوازی بۆ کورد و گەلی کوردستان گەورەترین ھێز و باشترین ڕێبازە. بۆیە داوا لە کورد و کوردستانییان دەکەم، باوەڕ و ڕێبازی ئاشتیخوازانەیان بەھێزتر بکەن. داواکانی گەلی کوردستان زۆر ڕەوان، ئاشتی زەمینەیەکی زۆر لەبار بۆ ڕوونبوونەوەی داواکانی دەڕەخسێنێت. ئاشتیخوازی، پرسی کورد لە جیھاندا زیاتر دەباتە پێشەوە. ئێستا تەوژمێک بۆ درووستبوونی ئاشتی لە سیاسەتی جیھاندا ھەیە، لە بەرژەوەندی گەلی کوردستان دایە وەک گەلێکی ئاشتیخواز لەگەڵ ئەو تەوژمەدا بێت.
ئێمە لە ھەرێمی کوردستان باوەڕمان بە کولتوور و بەھاکانی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و لێبوردەیی و یەکترقبووڵکردن ھەیە. ھەرێمی کوردستان وەک ھەمیشە بە فاکتەری ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە و دەستی دۆستایەتی و ھاوکاری بۆ ھەموو پێکھاتەکانی عێراق و ووڵاتانی ناوچەکە و جیھان درێژ دەکات، لەپێناو داھاتوویەکدا کە تیایدا ئاشتی و سەقامگیری و گەشەسەندن بۆ ھەمووان باڵادەست بێت و ژیان و شکۆ و مافەکانی ھەمووان پارێزراو بن.
لە پەیوەندیمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی عێراقدا، جارێکی تر پابەندی خۆمان بە دەستوور وەک بنەمایەک بۆ چارەسەرکردنی ھەموو ناکۆکییەکان بە گفتوگۆ و (لێکگەییشتنی) ھاوبەش دووپات دەکەینەوە. سەقامگیری و گەشانەوە و پێشکەوتنی عێراق، بە ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکانی ھەموو پێکھاتەکانی و بە جێبەجێکردنی ڕاستەقینەی سیستەمی فیدراڵییەوە بەندە.
ئێمە لە نزیکەوە ئاگاداری سەختییەکان و دۆخی ژیان و گوزەرانی ھاووڵاتییانی کوردستانین. دووپاتی دەکەینەوە کە باشترکردنی بارودۆخی ژیانیان کاری لەپێشینەی سەرەکیی ھەموو دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستانە. لەگەڵ ھاتنی نەورۆزدا، ھیواکان نوێ دەکەینەوە کە ئەم سەختییانە تێدەپەڕن، کۆڵ نادەین و بە ھیوا و ئومێدەوە پێکەوە بەرەو داھاتوویەکی باشتر ھەنگاو دەنێنین.
نەورۆز لە ھەموو ئەو گەل و ووڵاتانەش پیرۆز بێت کە ئەم یادە دەکەنەوە.
ھەموو ساڵێک بە خۆشی.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
٢٠٢٥/٣/٢٠
ئەم بابەتە 45 جار خوێندراوەتەوە