پەیامی پیرۆزبایی لە لایەن سەرۆک بارزانییەوە بۆ خەڵکی کوردستان
پەیامی کورد ... پەیامی پیرۆزبایی لە لایەن سەرۆک بارزانییەوە بۆ خەڵکی کوردستان
سەرۆك بارزانی پەیامێكی لەبارەی پڕۆژەیاسای گەڕانەوەی زەویوزار بۆ خاوەنە ڕەسەنەكانیان بڵاوكردەوە كە سێشەممە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەر درا.
سەرۆك بارزانی لە پەیامەكەدا رایگەیاند، "ئەو بڕیارە لەشوێن خۆیەتی و گەڕانەوەی مافە بۆ خاوەن ماف".
سەرۆك بارزانی هەروەها رایگەیاند، "هیوادارم ئەمە دەستپێكێك بێت بۆ ڕاستكردنەوەی هەموو ئەو هەڵە و ناڕاستییانە كە بە درێژایی مێژووی دەوڵەتی عێراق ئەنجام دراوە".
دەقی پەیامەكەی سەرۆك بارزانی:
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
دوای ماوەیەکی زۆر لە ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق، سەرئەنجام ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەنگاوێكی گرینگدا دەنگی بە "پڕۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی بەعسی هەڵوەشاوە" دا كە تایبەتە بە گەڕانەوەی زەوی و زار بۆ خاوەنە ڕەسەنەكانیان. ئەو بڕیارە لەشوێن خۆیەتی و گەڕانەوەی مافە بۆ خاوەن ماف، بەم بۆنەیەوە دەستخۆشی لە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان و سەرجەم ئەو لایەنانە دەكەم كە ڕۆڵیان لە تێپەڕاندن و پەسەندكردنی ئەو پڕۆژە یاسایە هەبووە و سوپاسیان دەكەم.
هیوادارم ئەمە دەستپێكێك بێت بۆ ڕاستكردنەوەی هەموو ئەو هەڵە و ناڕاستیانە كە لەدژی بەرژەوەندی هاووڵاتیانی عێراق بە درێژایی مێژووی دەوڵەتی عێراق ئەنجام دراوە.
مەسعوود بارزانی
21ی كانوونی دووەمی 2025
ئەم بابەتە 74 جار خوێندراوەتەوە