پەیامی کورد ... تەقینەوە ئەتۆمییەکەی شەوی ڕابردووی ئێران بە چییەوە گرێ درا !!!

پەیامی کورد      ...     تەقینەوە ئەتۆمییەکەی شەوی ڕابردووی ئێران بە چییەوە گرێ درا   !!!

بە پێى هەواڵ و زانیارییەکان لە نەتەنز، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی تەقینەوەیەکی بەهێز و بیستنی دەنگێکی گەورە لە تەقینەوەکە ڕاستەوخۆ ، سوپاى پاسداران دانیشتووانى هەردوو گوندى شوجاع ئاباد و ئەحمەد ئاباد کە لە نزیک ناوەندى ئەتۆمى نەتەنزن، دەرکردووە و شوێنەکەیان چۆڵ کردووە و بە خەڵکەکەیان ووتووە لەم بارەوە قسە لەگەڵ کەس نەکەن.

تەقینەوەکە بە ڕادەیەک بەهێز بووە کە شووشە و جامى بە پەنجەرەکانەوە نەهێشتووە. ڕاگەیاندنەکانى کۆمارى ئیسلامیش سەبارەت بەم دەنگە هەر یەکەو شتێک بڵاو دەکەنەوە و تەنانەت ئەم جیاوازىیە لە بەیانکردنەش بووەتە هۆى ئەوەى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گاڵتەیان پێ بکرێت.

کەناڵى میدیایی هەواڵی سەر بە سوپاى قودس، تەقینەوەکە بە "فڕۆکەیەکى بێ فڕۆکەوانى دوژمن" گرێ دەدات و دەڵێت: تا ئێستا هیچ بەرپرسێک لەم بارەوە قسەى نەکردووە، بەڵام هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە تەقینەوەکە بەهۆى فڕۆکەیەکى بێ فڕۆکەوانى دوژمنەوە بووە.

نوورنیوزى سەر بە ئەنجوومەنى ئاسایشى نیشتمانى نووسیویەتى: بە هۆى زانیارییە دەستکەوتووەکان لە ناوچەکە، تەقاندنى مووشەکێک بووە لە ئاسمانى ناوچەى "بادروود"، بە ئامانجى "تاقیکردنەوەى کاردانەوەى خێرا" بووە بۆ "ئەگەرى هێرشى دوژمن" و مووشەکەکەش لە ڕێگەى سیستەمى دژە مووشەکییەکەوە لە ئاسمان تەقێندراوەتەوە!

کەناڵى هەواڵى دەنگ و ڕەنگى کۆمارى ئیسلامیش تەقینەوەکەى نەتەنز گرێ دەداتەوە بە هەمان تاقیکردنەوە و دەڵێت: بە هۆى زانیارییەکان لە نەتەنزەوە ، مووشەکێک بە ئامانجى تاقیکردنەوەى سیستەمى دژە مووشەکییەکە تەقێندراوە تا بزانرێت سیستەمى دژە مووشەکییەکە چەندە خێرایە لە کارکردنى خۆى و هەر ئەمەش مووشەکەکەى تەقاندووەتەوە لە ئاسمان.
بەڵام دەنگى تەقینەوەکە هێندە بەرز بووە کە خەڵکى ناوچەکە لە ترسان هاتوونەتە دەرەوە و لە سەرمای دەرەوە وەستاون نەوەک کارەساتێک ڕوو بدات، کەچى کۆمارى ئیسلامى دەیهەوێت بە خەڵک بڵێت کە ئەمە مانۆر بووە، کەچى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەموویان چاویان لە شتێکى ترە و قسە لەسەر هێرشى ئیسرائیل دەکەن!

هەروەها  گەشتى ئاسمانى زاگرۆس تاران ـ کیش، بە ژمارەى (ZO4070)، لە کاتى تەقینەوەکەى ئەمشەوى نەتەنز، لەسەر ڕێگەى بادروود، ئاراستەى خۆى گۆڕیوە.
 ئەمەش نیشاندەرى ئەوەیە کە کۆمارى ئیسلامى ئاگادارى ئەم تەقینەوەیە نەبووە و بە پێچەوانەى بانگەشەکانى سوپاى پاسداران کە دەڵێن خۆیان مووشەکیان هاویشتووە تا سیستەمى دژە مووشەکییەکە تاقى بکەنەوە بەڵکوو بە پێچەوانەوە بووە و دواتر لە لایەن خەڵکی ناوچەکەوە ڤێدیۆیەک بڵاو بووەتەوە کە بە هەلیکۆپتەر پاشماوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان دەگوازرێتەوە ...

دەنگى تەقینەوەکەى ناوچەى بادروود کە لە ٢٠ کیلۆمەترى شارى نەتەنز بووە، بە هۆى هێرشى فڕۆکەى بێ فڕۆکەوانەوە بووە.

لە دواى هێرشەکەى ساڵى پارى ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانى کۆمارى ئیسلامى، سوپاى پاسداران ناوەندێکى ژێرزەمینیی مووشەکى لە نزیکى ناوچەى بادرودى نەتەنز دروست کرد کە بە قسەى سەرچاوەیەک لە ناوەندى ئاسمانى سوپا، وەک بەرگری مووشەکى دەتوانێت بەرگرى لە نەتەنز بکات. ئێستا دەوترێت کە ئەو سپەرە تەقێنراوەتەوە و بەمەش نەتەنز کە کۆمارى ئیسلامى پێوەى دەنازێت، بێ بەرگری ماوەتەوە.

کەناڵەکانى کۆمارى ئیسلامى دەیهەوێت ئەم هێرشە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانییە بشارێتەوە تا وەک عەیبەیەک دەرنەکەوێت، چوونکە بەرپرسەکانیان شەو و ڕۆژ هەڕەشە لە ئیسرائیل و ئەمریکا دەکەن.

جێگای گرینگیدانە کە ئێدى کۆهین ـیش لە تویتێکدا لەسەر تەقینەوەکەى نەتەنز نووسى :  ئەوەى کە چەند کاتژمێرێک بەر لە ئێستا لە ئێران ڕووى دا، هەموو ڕووداوەکە نییە.
 کەمێک سەبرتان هەبێت. ئەمە سەرەتایە بۆ ڕووداوی گەورەتر.


ئەم بابەتە 11986 جار خوێندراوەتەوە