پەیامێك لە سەرۆك بارزانییەوە

پەیامی کورد     ...    پەیامێك لە سەرۆك بارزانییەوە

سەرۆك مەسعوود بارزانی بەبۆنەی ٦٩ ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، پەیامێك بڵاو دەكاتەوە و ڕایدەگەینێت، یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، ئەزموونێكی سەركەوتووی بەشداری ئافرەت لە ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی كوردستان بووە.

ئەمڕۆ شەممه‌، لە پەیامێكی سەرۆك بارزانیدا هاتووە، بە ‌بۆنەی ٦٩ ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتییە‌كەتان یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی ئێوە و هەموو ئەندامانی رێكخراوە تێكۆشەرەكەتان و سەرجەم ئافرەتانی كوردستان دەكەم. 

سەرۆك بارزانی دەڵێت، یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، ئەزموونێكی سەركەوتووی بەشداری ئافرەت لە ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی كوردستان بووە، یەكێكە لە دەستكەوتە گرنگەكانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول كە ڕۆڵی خۆی بۆ چەسپاندن و دەستەبەركردنی مافی ئافرەتان لە قۆناغە جیاجیاكاندا بە باشی گێڕاوە. 

سەرۆك بارزانی ڕایدەگەینێت، یەكێتی ئافرەتانی كوردستان رێكخراوێكی تێكۆشەری ناو شۆڕش و خەباتی گەلی كوردستانە كە جگە لە پاڵپشتیكردنی شۆڕش و پێشمەرگە، ئەركی خۆی لە پێگەیاندن و هۆشیاركردنەوەی ئافرەتان و بەرگریكردن لە مافەكانیان بەجێ گەیاندووە.

لە كۆتایی پەیامەكەی سەرۆك بارزانیدا باس لەوەش دەكات، لە سەردەمی ئێستەدا پێویستە یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان لە چوارچێوەی كولتووری پێكەوەژیان و مەدەنییەت و یەكسانیخوازی و نەهێشتنی تووندوتیژی خێزانی و كۆمەڵایەتی، كار بۆ بەهێزكردنی بیری نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری و دیموكراسی لەناو ڕیزەكانیاندا بكات.


ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە