پەیامێکی بەپەلە لە مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە

پەیامی کورد   ...  پەیامێکی بەپەلە لە مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە

مه‌سروور بارزانى له‌باره‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى قوباد تاڵه‌بانى‌و تیمى وەزاری یه‌كێتى بۆ كۆبوونه‌وه‌كانى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران په‌یامێك بڵاوكرده‌وه‌و ڕایگه‌یاند، "خۆشحاڵ بووین"، ده‌شڵێت، "پشتیوانی حکوومەتی هەرێممان بۆ دەستپێشخەری‌و پەیامەکەی مەسعوود بارزانی بۆ ئاشتەوایی نیشتمانی دووپاتکردەوە".
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بەئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران‌و تیمی یەکێتی کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجامدا، دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ش مەسروور بارزانی په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌و ووتى، "خۆشحاڵی خۆمان بەگەڕانەوەیان دەربڕی".
مه‌سروور بارزانى نووسیویه‌تى، "ئەنجوومەنی وەزیران لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاریدا ئەولەویەت لەخەرجییەکان بدرێت بەمووچە وەک خەرجی سیادی لەسەرتاسەری هەرێم، بۆ خەرجیەکانی دیکەی جگە لەموچەش، پێویستە بەمیکانیزم‌و ڕێکاری گونجاوو بەشێوازێکی دادپەروەرانە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوانی هەر پارێزگاو ئیدارەیەکی سەربەخۆ، خەرجییەکان ئەنجامبدرێت".

دەقی ڕاگەیندراوەکە:
ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانمان کرد.
لەدەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، خۆشحاڵی خۆمان بە گەڕانەوەی تیمی وەزاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران دەربڕی.
هەروەها بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، پشتیوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانمان بۆ دەستپێشخەری و پەیامەکەی جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی بۆ ئاشتەوایی نیشتمانی دووپات کردەوە و جەختمان لە هاوهەڵوێستی و یەکگرتوویی لایەنە کوردستانییەکان کردەوە لە پێناو داکۆکیکردن لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان .

بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی دوا پێشهاتەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵی لە 2023/4/4 .

ئاماژەمان بەوە دا کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو پابەندییەکانی خۆی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ کردووە و ئێستا چاوەڕێی حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی تورکیایە بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی بۆ دووبارە دەستپێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ، لەهەمانکاتدا پێویستە حکوومەتی فیدراڵیش، بڕە بودجەی پێویست بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ حکوومەتی هەرێم بنێرێت تا ئەوکاتەی پڕۆژە یاسای بوودجەی فیدراڵ پەسەند دەکرێت و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لە چوارچێوەی بوودجەی فیدراڵ دابین دەکرێت.

لە بڕگەی دووەمدا، گفتوگۆمان لەبارەی پڕۆژەی (ڕێکخستنەوەی دارایی گشتی لە هەرێمی کوردستان) کرد. پاش گفتوگۆ کردن، ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ بڕیاریدا؛ ڕێکخستنەوەی دارایی گشتی لە سەرتاسەری هەرێم، لە ڕێگای (بەناوەندییکردنی داهات و سیولە وخەرجی و مووچە) بێت، بۆ ئەو مەبەستەش، بڕیاردرا، بە ڕێکخستنەوەی سەرجەم سەرچاوەکانی داهات لە بانکەکان و گەنجینەکان و دەرواز سنوورییەکان و بەڕێوبەرایەتیەکانی باج و رسوومات بە مەبەستی پاراستنی داهاتی گشتی و هەروەها بەیەکەوەبەستنیان لە ڕێگەی سیستەمێکی ئەلکترۆنی.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، بڕیاردرا؛ ئەولەویەت لە خەرجییەکان بدرێت بە مووچە وەک خەرجی سیادی لەسەرتاسەری هەرێم ، بۆ خەرجیەکانی دیکەی جگە لە مووچەش، پێویستە بە میکانیزم وڕێکاری گونجاو و بە شێوازێکی دادپەروەرانە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگا وئیدارەیەکی سەربەخۆ، خەرجییەکان ئەنجام بدرێت. بۆ مسۆگەرکردنی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانەش، سەرۆک و جێگری سەرۆک وەزیران ، سەرپشککران بۆ دانانی میکانیزمی پێویست بۆ پشتیوانی وەزارەت و لایەنە ڕاسپێردراوەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە.

لــە تــەوەرێــکی دیــکەدا، لــەبــارەی کــێشە ئــەمــنییەکــان، ئــەنــجوومــەنــی وەزیــران بــڕیــاریــدا، لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەش لە ڕێی لــیژنــەیــەکــی تــایــبەتــمەنــد لە دەزگا پەیوەندیدارەکان ئەنجام بدرێت، ســەبــارەت بــە دۆســیە ئــەمــنییەکــان بــەگشــتی دوور لـــە دەســـتێوردانـــی ســـیاســـی. دواتـــر ڕێکاری یاسایی پێویست بگیرێتەبەر.

بڕگەی سێیەم و کۆتایی، خستنەڕووی ڕاپۆرتێکی وەزارەتی ناوخۆ بوو سەبارەت بە ووڵامدانەوەی ئەو هەڵسەنگاندنی نیشتمانییەی لەلایەن حکوومەتی فیدراڵی ئەنجامدراوە بۆ مەترسییەکانی شووشتنەوەی مایە ومایەدارکردنی تیرۆر کە لەلایەن بەڕێز ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ خرایەڕوو.

ئەنجوومەنی وەزیران، وێڕای دەستخۆشی لە وەزارەتی ناوخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ هەوڵ و ڕێکار و هەنگاوەکانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی شووشتنەوەی مایە و مایەدارکردنی تیرۆر، بۆ ئەو مەبەستەش تاوەکوو داڕشتنەوەی چوارچێوەی یاسایی نوێ لە هەرێم بۆ ئەم بابەتە، ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی ڕاسپارد کە بەردەوام بن لە هەماهەنگی وبەیەکەوەکارکردن لەگەڵ دامەزراوە هاوتاکانیان لە حکوومەتی فیدڕاڵی و دامەزراوە جیهانیەکانیش بۆ ئەم بابەتە کە کێشەیەکی نێودەوڵەتییە، هەروەها ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە لە پابەندی هەرێم بە ڕێکارەکانی ڕووبەڕوبوونەوەی مەترسییەکانی شووشتنەوەی مایە ومایەدارکردنی تیرۆر.


ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە