پەیامێکی گرینگ لە لایەن وەزیری دەرەوەی فینلەنداوە بۆ تورکیا و دەسەڵاتدارانی

پەیامی کورد    ...  پەیامێکی گرینگ لە لایەن وەزیری دەرەوەی فینلەنداوە بۆ تورکیا و دەسەڵاتدارانی

وەزیری دەرەوەی فینلەندا بۆ تورکیا: کەستان ڕادەست ناکەینەوە

فینلەندا ووڵامی تورکیا ده‌داته‌وه‌ و ڕایده‌گه‌‌ێنێت ، "هیچ ڕێكه‌وتنێكمان نییه‌ بۆ ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ى هیچ كه‌سێك له‌ ووڵاته‌كه‌مانه‌وه‌ به ‌ئێوه‌"، وەزیری دەرەوەی فینلەنداش دەڵێت:"لەکۆبوونەوەی لووتکەی ناتۆ لە مەدرید لەگەڵ تورکیا باسمان لە بابەتێکی وەها نەکردووە".

پێشتر دەسەڵاتدارانی تورکیا ڕایانگەیاند، یەکێک لە خاڵەکانی ناو نووسراوی لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ سوید و فینلەندا بۆ بە ئەندام بوونیان لەهاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)، بریتییە لە ڕادەستکردنەوەی داواکراوان بە تورکیا.

بیکا هاڤیستۆ وەزیری دەرەوەی فینلەندا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە هێلێنسکی پایتەختی ئەو ووڵاتە ئەنجامیدا وتوویەتی:"ووڵاتەکەمان و تورکیا لە میانی کۆبوونەوەی لووتکەی ڕۆژی سێشەممەی ڕابردووی ناتۆ لە مەدرید، باسیان لە ڕادەستکردنەوەی هیچ کەس یان گروپێک بەئانکارا نەکردووە".

ڕۆژی پێنجشەممەش ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاند، دەبێت سوید و فینلەندا پابەندی ئەو بەڵێنە بن کە لە میانەی دانووستانەکاندا بۆ ڕادەستکردنی داواکراوان داویانە، ئەگەرنا پەرلەمانی تورکیا بە ئەندام بوونی ئەو دوو ووڵاتە لە ناتۆ پەسەند ناکات.

بە ووتەی هاڤیستۆ، "لەکاتی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا کە ڕۆژی پێنجشەممە لەگەڵ مەولوود چاووش ئۆغڵوی هاوتا تورکییەکەیدا ئەنجامیدا پێی وتووە، ئێمە ڕێککەوتووین کە ئێستا دەقێکی واژوو کراومان هەیە، لەمەدرید لەگەڵ تورکیا باسمان لە(ڕادەستکردنەوەی) هیچ تاکێک و هیچ لیستێک بەئانکارا نەکردووە".

ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا و لەمیانی کۆبوونەوەی لووتکەی ناتۆ، ڕێبەری ووڵاتانی تورکیا و سوید و فینلەندا دوای چوار کاتژمێر دانووستان لەسەر یاداشتێکی لە یەک تێگەیشتن ڕێککەوتن کە بەپێی ئەوە هەریەک لە سوید و فینلەندا لەپێناو بوون بەئەندام لە هاوپەیمانی ناتۆ، مەترسییە ئەمنییەکانی تورکیا لەبەرچاودەگرن‌و لەبەرامبەردا تورکیا مافی ڤیتۆ دژ بەو دوو وڵاتە بەکارناهێنێت


ئەم بابەتە 11995 جار خوێندراوەتەوە