پەیامێک بۆ ئەو کەسانەی کە کارتی بایۆمەتری یان وەرنەگرتووە
بەپێی بڕیاری کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق ھەر دەنگدەرێک بەشداری بایۆمەتری کردبێت و کارتی دەنگدان وەرنەگرێتەوە مافی دەنگدانی نابێت لە ھەڵبژاردنی داھاتووی عێراقدا.
خالد عەباس، بەڕێوبەری ئۆفیسی دھۆکی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕایگەیاند: "دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری بەردەوامە و ٧٤%ی دەنگدەرانی دھۆک بەشداری پڕۆسەی بایۆمەتریی دەنگدانیان کردبوو، ئێستا لە دھۆک تەنیا ٧٧ ھەزار کارت لای کۆمیسیۆن ماون و ڕۆژانە لە ڕێگەی ٤١ بنکەوە دابەش دەکرێن، ڕێژەی وەرگرتنەوەی کارتیش لە نێوان دوو تا سێ ھەزار کەسە.''
بەرپرسەکەی کۆمیسیۆن دەشڵێت: "داوا لە ھاووڵاتیان و دەنگدەران دەکەین سەردانی بنکەکانی کۆمیسیۆن بکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان، بە پێچەوانەوە ڕۆژی ٥/١٠/٢٠٢١ کارتەکان دەگەڕێنەوە بۆ ئۆفیسی سەرەکی بەغدا و ئەو ھاووڵاتییانەی بەشداری بایۆمەترییان کردووە بەبێ کارتی بایۆمەتری مافی دەنگدانیان نامێنێت.''
خالد عەباس ڕوونی کردەوە: "پارێزگای دھۆک لەسەر ئاستی عێراق یەکەمە لە دابەشکردنی کارتدا، واتە زۆرترین کارتی بایۆمەتری لە سنووری پارێزگای دھۆک دابەش کراوە و پێشبینی دەکرێت ڕێژەی وەرگرتنەوەی کارت لە دھۆک زۆر زیاد ببێت.''
ئەم بابەتە 12006 جار خوێندراوەتەوە