پەیامێک لە سەرۆک بارزانی یەوە
پەیامی کورد ... پەیامێک لە سەرۆک بارزانی یەوە
سەرۆک بارزانی پەیامێک سەبارەت بە دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە بڵاو دەکاتەوە و تێیدا دەستخۆشی لە فڕاکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات کە لە دەنگدان بە پڕۆژەیاساکە یەک دەنگ و یەکڕیز بوون.
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:-
بەناوی خودای بەخشندە و میھرەبان
دەستخۆشی و سوپاسی خۆم ئاراستەی سەرۆکایەتی و ھەموو ئەو ئەندام و کوتلە سیاسیانەی ناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەم کە ڕۆڵی ئەرێنیان بینی لە پەسەندکردنی پڕۆژەی بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە.
ھەروەھا دەستخۆشی لە فڕاکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەم کە بە یەکدەنگی و یەکڕیزی ئەو دەستکەوتەیان بۆ خەڵکی ھەڵەبجە و کوردستانیان مسۆگەر کرد و ھاوکاری یەکتر بوون بۆ دەنگدان و پەسەندکردنی پڕۆژەی بەپارێزگابوونی ھەڵەبجەی خۆشەویست و پێزانینم بۆ ڕۆڵی ھەموو ئەو بەڕێزانە ھەیە کە ھەوڵیان بۆ بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە داوە.
ھەروەھا پیرۆزباییەکی گەرمیش لە خەڵکی خۆشەویستی ھەڵەبجە و ھەموو کوردستانیانی ئازیز دەکەم.
ھیوادارم بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە ھەنگاوێک بێت بۆ خزمەتکردن و بوژانەوەی زیاتری ئەم دەڤەرە قوربانیدەرەی کوردستان و ساڕێژبوونی برین و ئازارەکانی ھاووڵاتیانی ھەڵەبجە.
ھەر لەو بۆنەیەدا ھەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی شەھیدانی ھەڵەبجە و ھەموو شەھیدانی کوردستان دەنێرین و ھیوای خێر و خۆشی بۆ خەڵکی ھەڵەبجە و ھەموو کوردستانیان دەخوازین.
مەسعوود بارزانی
١٤ی نیسانی ٢٠٢٥
ئەم بابەتە 26 جار خوێندراوەتەوە