پەیامێک لە مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ەوە

پەیامی کورد     ...   پەیامێک لە مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ەوە

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ساڵڕۆژی راپەڕینەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت "بەرهەمی یەکڕیزی و یەکگرتوویی سەرجەم چین و پێکهاتەکانی گەلی کوردستان و هێز و لایەنە کوردستانییەکان بوو، رەتکردنەوەی ستەم و داگیرکاری و ژێردەستەیی بو".

ئەمڕۆ 30 ساڵ بەسەر راپەڕینی ئاداری 1991 تێدەپەڕێت، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا دەڵێت "راپەڕین وەرچەخانێکی مێژوویی بوو لە شۆڕش و تێکۆشانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان، کە بەرهەمەکەی درووستبوونی قەوارەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە شەرعی و دەستوورییەکانی هەرێم بو، کە پێویستە ئەمڕۆش، هەر تاکێکی کوردستانی و هەموو لایەن و پێکهاتەكان، بە یەکڕيزی و یەکدەنگییەوە، داکۆکی لە دەستکەوتە نیشتمانییەکان و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان بکەن".

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردوە، "پێویستە بەها بەرزەکانی راپەڕین و بنەماکانی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و لێبوردەیی و ئاشتیخوازی و مرۆڤدۆستی گەلی کوردستان، هەمیشە بپارێزین و گەشەيان پێبدەین".
 

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

 
پەیامێک لە مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە
 
‎لە یادی( 30 ) ساڵەی ڕاپەڕینی پڕشکۆی ئاداری 1991ی گەلی کوردستان ، گەرمترین پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان ، بە تایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەکەم.

ڕاپەڕینی ئاداری 1991 ، یەکێکە لە سەروەرییە مەزنەکانی گەلی کورستان ،کە بەرهەمی یەکڕیزی و یەکگرتویی سەرجەم چین و پێکهاتەکانی گەلی کوردستان و هێز و لایەنە کوردستانییەکان بوو، ڕەتکردنەوەی ستەم و داگیرکاری و ژێردەستەیی بوو. ڕاپەڕین وەرچەخانێکی مێژویی بوو لەشۆڕش و تێکۆشانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان، کە بەرهەمەکەی درووستبوونی قەوارەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە شەرعی و دەستورییەکانی هەرێم بوو ، کە پێویستە ئەمڕۆش، هەر تاکێکی کوردستانی و هەموو لایەن وپێکهاتەكان ، بە یەکڕيزی و یەکدەنگییەوە، داکۆکی لە دەسکەوتە نیشتمانییەکان و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان بکەن.
 
پێویستە بەها بەرزەکانی ڕاپەڕین و بنەماکانی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و لێبوردەیی و ئاشتیخوازی و مرۆڤدۆستی گەلی کوردستان، هەمیشە بپارێزین و گەشەيان پێ بدەین.
 
‎با یادی ڕاپەڕین، هاندەری زیاترمان بێت بۆ ئەوەی پشتيوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بین، تا بتوانێت بە باشترین شێوە ، کارنامە چاکسازییەکەی جێبەجێ بکات و خزمەتێکی شایستەتر پێشکەشی سەرجەم خەڵکی کوردستان بکات و بەیەکەوە، هەرێمی کوردستان، بەرەو قۆناغێکی گەشەسەندوتر ببەین. 
 
‎بەرز و شکۆدار بێت ساڵیای ڕاپەڕینی ئاداری 1991 
‎سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ڕاپەڕین و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دادەنەوێنین . 
 
‎مەسروور بارزانی 
‎سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان


ئەم بابەتە 11984 جار خوێندراوەتەوە