پەیمانگەی واشینتۆن: تۆڕی "دزیکردنی سەدە" سەر بە موستەفا کازمی یە
پەیامی کورد ... پەیمانگەی واشینتۆن: تۆڕی "دزیکردنی سەدە" سەر بە موستەفا کازمی یە
راپۆرتێکی ئەنستیتوتی واشینتۆن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جەختی لەوە کردووەتەوە، کە نابێت حکوومەتی عێراق بەتەواوی پشت بەو داهاتە بەرزەی نەوت ببەستێت کە لە چەند مانگی رابردوودا بەدەست هاتووە، دەشڵێت "تۆڕی دزی سەدە سەر بە موستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراقن".
لە راپۆرتەکەدا هاتووە "دەبێت حکوومەتی نوێی عێراق ئابوری عێراق هەمەچەشن بکات، خەرجییەکانی حکوومەت کەم بکاتەوە، هەوڵ بدات هەلی کارێکی راستەقینە و بەردەوام بۆ ئەو سەدان هەزار کەسەی ساڵانە دەچنە ناو بازاڕی کارەوە".
"لەبری ئەو هەنگاوانە، حکوومەتی نوێ بەنیازە خەرجی بۆ مووچەی کەرتی گشتی لە ساڵی ٢٠٢٣ دا بە بڕی ٢٠ تریلیۆن دیناری عێراقی (١٣.٧١ ملیار دۆلار) زیاد بکات، کە ئەو پارەیە بۆ دامەزراندنی نزیکەی ٦٦ هەزار دەرچووی تازە و دانانی ٣٦٠ هەزار کرێکاری کاتی دیکە کە دەخرێنە ناو لیستی مووچەی هەمیشەیی، زیاد بکات" وەک راپۆرتەکە ئاماژەی پێداوە.
راپۆرتەکە پێیوایە "بۆ ووڵاتێکی ٤٢ ملیۆن کەسی وەک عێراق، هەوڵی پارچە پارچەی لەم جۆرە سەرقاڵکەرە و هیچ شتێک ناکات بۆ درووستکردنی ئەو بیرۆکراسییە بێلایەن و سەربەخۆیەی پێویستە بۆ پێشکەوتنی راستەقینە".
راپۆرتەکەی پەیمانگەی واشینتۆن دەڵێت "پێدەچێت تۆڕە فراوانەکەی بەناو دزی سەدە کۆمەڵێک ئەکتەری سیاسی کاریگەر و بەرفراوان لە خۆبگرێت، لەنێویاندا ئەوانەی نزیکن لە سەرۆکوەزیرانی پێشوو موستەفا کازمی."
ئاماژەی بەوەشکردووە "دەبێت سوودانی بەردەوام بێت لە فشارەکانی بۆ ئەوەی متمانەی خۆی و کابینەکەی، چ لە ناوخۆ بێت یان لە دەرەوە، پەیوەستە بە بەدواداچوونی و لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەکانی لە دۆسیەکانی گەندەڵی و دواتر دادگایی کردنی تاوانباران".
ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە