پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و عەرەبستان ئاسایی دەبێتەوە
پەیامی کورد ... پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و عەرەبستان ئاسایی دەبێتەوە
ئاژانسی هەواڵی «ئاکسیوس» لە زاری سێ بەرپرسی ئیسرائیل هەواڵێکیان بڵاو کردووەتەوە کە گوایە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و عەرەبستان لە کۆتایی هەفتە ڕادەگەێندرێت و ئەمەش پاش ئەوە دێت کە سەرۆککۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا "جۆ بایدن" لەگەڵ «مەلیک سەلمان بن عەبدۆلعەزیز» پاشای عەربستانی سەعوودی و «موحەمەد بن سەلمان» شازادەی سەعوودی لە جیدده دانیشتن و کۆبوونەوەیان دەبێت.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئاکسیوس، جۆ بایدن لە گەشتی خۆی بۆ ناوچەکە، بەنیازی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ئەم گەشتە دەبێتە هۆی ئەوە کە عەرەبستانی سەعوودی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل دەستپێبکاتەوە کە بابەتێکی هەرە گرینگە.
ئاکسیوس بڵاوی کردووەتەوە: دیپلۆماتکاران و نوێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل، عەرەبستانی سەعوودی و مێسر چەندین هەفتەیە، تاوتوێ پلانێکی تۆکمە لە گرێبەستەکان، لێکتێگەیشتنەکان و ئەو نامانە کە ئاڵوگۆڕی پێوە کراوە، دەکەن و ئەنجامی ئەم تاوتوێکردنە گواستنەوەی دوو دوورگەی ستراتژیکی دەریای سوور لە مێسر بۆ عەرەبستانی سەعوودیە.
دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلی ڕایانگەیاندووە کە دانووستان بۆ ئەم گرێبەستە لە کۆتا هەنگاویەتی و ئەمڕۆ سبەینێ ڕادەگەیندرێت.
گرێبەستێکیش لەبارەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان ئیسرائیل و عەرەبستان واژۆ کراوە کە ڕێگە دەدات فڕۆکەکانی ئیسرائیل لەسەر ئاسمانی سەعوودیەدا بفڕن و ڕاستەوخۆ بەرەو ڕۆژهەڵاتی هیند و چین بچن.
میدیاکانی ئیسرائیل ڕاپۆرتیان کردووە کە بەرانبەر بەوە کە عەرەبستان ڕێگەی داوەتە ئیسرائیل ئاسمانی ووڵاتەکەی بۆ فڕینی فڕۆکەکانی بەکار بێنێت، دوورگەکانی "تیران" و "سەنافیر" لە میسر بۆ عەرەبستان دەگوازرێتەوە.
ئەم دوو دوورگەیە بەشێک لە گرێبەستی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و میسر بووە، بڕیاردەری کۆتایی لەبارەی گواستنەوەیان ئیسرائیلە، و ئەمریکا هەوڵی ئەوە دەدات ئەم مامەڵەیە و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و عەرەبستان خۆش بکات.
ئەم بابەتە 11998 جار خوێندراوەتەوە