چارەنووسی ئۆتۆمبێله تۆمار نەكراوهكان لە لایەن وەزارەتی ناوخۆ وە دیاری دهكرێت
پەیامی کورد ... چارەنووسی ئۆتۆمبێله تۆمار نەكراوهكان لە لایەن وەزارەتی ناوخۆ وە دیاری دهكرێت
ژمارەیەكی بەرچاوی ئۆتۆمبێلی بێ ژمارە ھاتوونەتە ھەرێمی كوردستان و بەرپرسێكی ھاتووچۆی ھەرێمیش دەڵێ، وەزارەتی ناوخۆ بڕیار لەسەر چارەنووسی ئەو ئۆتۆمبێلانە دەدات.
عەمید ئەسعەد كەریم، ووتەبێژی ھاتوچۆی ھەرێمی كوردستان، رایگەیاند: "ژمارەیەكی بەرچاوی ئۆتۆمبێلی بێ ژمارە و سەرەتا ھاتوونەتە نێو ھەرێمی كوردستان، بەڵام بەڕێوبەرایەتی گشتی ھاتووچۆ زانیاری لەبارەی ژمارەیانەوە نییە، پێشتر لە ساڵی ٢٠١٧ حكوومەت بڕیاری دا ئەوانەی كێشەیان تێدا نییە تۆمار بكرێن لە بەڕێوبەرایەتی ھاتووچۆ و ژمارەیەكی زۆریش ئەوكات تۆمار كران".
ووتەبێژی ھاتووچۆی ھەرێم دەشڵێت: "لە ئێستادا ئەگەر بڕیارێك بدرێت، ئەوە لەوانەیە ھێشتا ژمارەیان زیاد بكرێت، بەداخەوە زۆر جار ئۆتۆمبێلی بێ ژمارە بۆ ئەنجامدانی تاوان بەكار دێن و ھاتووچۆش ناتوانێ لێپرسینەوەیان لەگەڵ بكات، چوونكە تۆمار نەكراون".
عەمید ئەسعەد ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "وەزارەتی ناوخۆ لە ھەوڵدایە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر چارەنووسی ئەو ئۆتۆمبێلانە بدات كە تۆمار نەكراون لە ھاتووچۆ، بەڵام ھێشتا دیار نییە ناوەڕۆكی بڕیارەكە چی دەبێت، وەلێ چارەسەریان بۆ دەبیننەوە و نابێت ھەروا ھاتووچۆ بكەن بە بێ تۆماركردن".
ئەم بابەتە 11993 جار خوێندراوەتەوە