چاپ و بڵاوبوونەوەی کتێبی بەرچاوڕوونی
پەیامی کورد ... چاپ و بڵاوبوونەوەی کتێبی بەرچاوڕوونی
کتێبی بەرچاوڕوونی لە ئامادەکردنی شەهرام سوبحانی ڕۆژنامەوان و چالاکی سیاسی، کە کۆمەڵێک وتووێژی "سیاسی، فەرهەنگی، مێژوویی، کۆمەڵایەتی، ئایینی و هونەری"ی لەخۆ گرتووە، چاپ و بڵاو کرایەوە.
ئەم کتێبە لە کۆمەڵێک وتووێژ پێکهاتووە کە نووسەر بۆ بەئاکام گەیاندیان هەوڵی داوە بۆ هەر بابەتێک کەسێکی پسپۆڕ و شارەزا لەو بوارەدا پەیدا بکات و وتووێژەکەی لەگەڵ ئەنجام بدات. هاوکات هەوڵی داوە کۆمەڵێک بابەت و پرسی گرینگ بورووژێنێت کە شایانی ئەوەن بەردەوام باسیان بکرێت تاکوو لە کۆمەڵگەدا نەهادینە دەکرێنەوە.
یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی ئەم کتێبە، وتووێژ لەگەڵ چەند کەسایەتی سیاسی و تێکۆشەری بەرچاوی کوردستانە لەوانە مامۆستا "عەبدوڵڵا حەسەنزادە"، د. "مەحموود عوسمان" و کاک "حەسەن شەرەفی"یە.
ئامادەکاری ئەم کتێبە هەوڵی داوە ڕا و بۆچوونی کۆمەڵێک مامۆستای زانکۆ لەسەر چەند بابەتی گرینگ وەربگرێت و ئەم مامۆستایانە لە بواری تایبەتی خۆیان زانیاریی باش و ئەکادمیک بە خوێنەر دەگەیەنن.
ئەوەی کە لە وتووێژەکاندا گرینگیی پێ دراوە، وتووێژ لەگەڵ هونەرمەندان و پرسی هونەرە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لەم کتێبەدا هونەرمەندان کاک "ناسر ڕەزازی"، خاتوو "شەهین تاڵەبانی" و کاک "حەمید شەریفی" ووڵامی کۆمەڵێک پرسیاری گرینگ دەدەنەوە کە شایانی ئاوڕدانەوەی زیاترن.
شەهرام سوبحانی لەمبارەوە بە "کوردستان میدیا"ی ڕاگەیاند: ئامانجی من لە بڵاوکردنەوەی ئەو کتێبە ئەوە بووە کە لای هەر تاکێکی کورد کۆمەڵێک پرسیاری بێ ووڵام بەو مژارانە هەیە کە من دەستنیشانم کردوون. بۆیە بۆ ووڵامدانەوە و باس و بابەتی زیاتر لە سەریان پێویستی دەکرد کە لە چوارچێوەی کتێبێکدا ئامادە بکرێت و بڵاو ببێتەوە.
بۆیە منیش بیرم لەوە کردەوە کە هەموو ئەو وتووێژانەی کە لە یەکساڵی ڕابردوودا ئامادەم کردووە هەمووی لە یەک کتێب دا بخەمە بەر دیدی خوێنەران.
شەهرام سوبحانی، لاوی تەمەن ٢٥ ساڵی خەڵکی شاری سنەیە و ئەمە یەکەمین کتێبە کە لەلایەن ناوبراوەوە بڵاو کراوەتەوە.
ئەم بابەتە 99 جار خوێندراوەتەوە