چی وا دەکات پووتین براوەی مەیدان بێت و هەر ئەویش براوەیە

پەیامی کورد   ...  چی وا دەکات پووتین براوەی مەیدان بێت و هەر ئەویش براوەیە 

جگە لە نووسینی پیتی "Z" لەسەر تانک‌و زرێپۆش‌ و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی ڕووسیا، ئەوەی لەهێرشەکەی ڕووسیا بۆسەر ئۆکراین جێگای سەرنجی چادێران‌و پسپۆڕانی سەربازییەوە ئەوەیە کە ئەو ووڵاتە تاوەکوو ئێستا تانک‌و تۆپ‌و مووشەک هاوێژی سەردەمی یەکێتی سۆڤێەت بەکاردەهێنێت، لەکاتێکدا بۆ هەموو لایەک ڕوونە کە ئەوە مانای ئەوە ناگەێنێت کە ڕووسیا خاوەنی جبەخانەیەکی گەورەی چەکی پێشکەوتوو نییە، بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە ئایا بۆچی مۆسکۆ هێشتا ئامادەنییە لەجەنگی ئۆکراین دا چەک‌و چۆڵی پێشکەوتوو بەکاربهێنێت؟
بەگوێرەی ئەو وێنانەی لەئۆپراسیۆنە سەربازییەکەی ڕووسیا بۆسەر ئۆکراین بڵاودەکرێنەوە، دەرکەوتووە کە هێزی زرێپۆشی ڕووسیا بەشێوەیەکی سەرەکی لەتانکی جۆری T- ٧٢ی سۆڤێەتی پێکهاتووە، لەکاتێکدا ئەو تانکە لەساڵی ٢٩٧٣ چۆتە ناو خزمەتی سوپای ڕووسیاوەو ٥٠ ساڵ بەسەر تەمەنی دا تێپەڕیوە.
هەروەک ڕووسیا زرێپۆشی جۆری BMP-٣ ڕەوانەی جەنگەکە کردووە کە بۆیەکەم جار لەساڵی ١٩٨٧ خراوەتە بەردەست سوپای سۆڤێت‌و بەشداری پرۆسەی داگیرکردنی وڵاتی ئەفغانستانی لەلایەن هێزەکانی سۆڤێتەوە کردووە.
لەپاڵ ئەوانەدا، تێبینیکراوە کە ڕووسەکان ڕاجیمەی TOS-١ بەکاردەهێنن کە لەسەر بۆدی تانکی T-٧٢  هەڵگیراوە، مێژووی بەرهەم هێنانی ئەو چەکەش بۆ ساڵی ١٩٨٨ دەگەڕێتەوەو یەکەمجار لەلایەن سوپای سۆڤێەت لەجەنگی ئەفغانستان بەکارهاتووە.
جگە لەوە، ڕوسیا لەهێرشەکانیدا بۆسەر ئۆکراین مووشەک هاوێژی گراد BM-٢١ بەکاردەهێنێت کە مەودای پێکانی ئامانجەکانی لەنێوان ٤٥-٥ کیلۆمەتردایەو یەکەمجار لەساڵی ١٩٦٠ پەرەی پێدراوەو لەساڵی ١٩٦٣ چۆتە ناو خزمەتی سوپای سۆڤێەت، هەروەک ڤێرژنە پێشخراوەکەی بریتییە لە مووشەک هاوێژی جۆری ئۆراگان بی ئێم-٢٧و سمیرش بی ئێم-٣٠ کە مێژووەکەیان بۆ ساڵی ١٩٨٣ دەگەڕێتەوە.
ئەوەی پەیوەستە بەهێزە ئاسمانییەکانی ڕووسیاوە، ئەوە ڕووسیا هێرشەکانی بەهێلیکۆپتەری جۆری KA-٥٢ دژ بەهێزی زرێپۆشی ئۆکراین ئەنجام دەدات کە لەساڵی ٢٠١٠ بەرهەمهاتووە، ئەوە جگە لەکۆپتەری MI-٨ کە بۆ پڕۆسەکانی دابەزاندنی ئاسمانی‌و پشتیوانی لۆژیستی بەکاری دەهێنێت‌و لەساڵی ١٩٦- بەرهەمهاتووە.
کەواتە بۆچی هێشتا ڕوسیا چەک‌و چۆڵە پێشکەوتووەکانی دژ بەسوپای ئۆکراین بەکارناهێنێت؟
پسپۆڕانی بواری سەربازی دەڵێن پشت بەستنی ڕووسیا بەچەکی سەردەمی یەکێتی سۆڤێەت لەهێرشەکەیدا بۆسەر ئۆکراین، مانای دواکەوتنی پیشەسازی جەنگیی ڕووسیا ناگەیەنێت، بەڵکوو ڕووسیا یەکێکە لەوڵاتە هەرە پێشکەوتووەکان لەبواری پیشەسازی جەنگیدا، بەشێوەیەک سوپای ڕووسیا زۆر لەوە پێشکەوتووترە کە ئێستا لەگۆڕەپانی جەنگی ئۆکراین دا دەبینرێت.
لەوبارەیەوە ئەکرەم خەریف پسپۆڕی کاروباری سەربازی بەکەناڵی "TRTعەرەبی" تورکیای ڕاگەیاندووە، "بە بۆچوونی من بەکارهێنانی چەک‌ و کەلوپەلی کۆن‌و هاوشانی چەکی ئۆکراین لەلایەن سوپای ڕووسیا بۆئەوە دەگەڕێتەوە کە ڕووسەکان دەیانەوێت پارێزگاری لەچەکە پێشکەوتووەکانیان بکەن، بەتایبەت کە بەشێکیان هێشتا لەبازاڕە جیهانییەکاندا بۆ نمایشکردن دانراون، هەروەک مەبەستیش لێی هێشتنەوەیانه‌ بۆ کاتێک کە ڕەنگە سوپای ڕووسیا بۆ یەکلایی کردنەوەی جەنگەکە  پێویستی بەداخڵکردنی هێزی نوێ بێت.
وتووشیەتی:"ئەوەی دەبینرێت ئەوەیە کە ئەو چەکانەی ڕەوانەکراون توانیویانە ئامانجە سەربازییەکانی ڕووسیا لە ئۆکراین بەدیبهێنن".
لە بەرامبەردا، ئەو پسپۆڕە سەربازییە ئاماژەی بەوەکردووە، کە بەگوێرەی ژمارەکان، ڕووسیا سوورە لەسەر پاراستنی هێزە سەربازییەکانی، هەربۆیە نزیکەی لەسەدا ٦٠ی ئەو کەلوپەلە سەربازیانەی ڕوسیا کە له‌شەڕی ئۆکرانیا تێکشکێنراون هیچ سەربازێکیان لەناودا نەبووە، ئەمەش مانای وایە ستراتیژییەتی سوپای ڕووسیا ئەوەیە کە تاڕادەیەکی زۆر پارێزگاری لەگیانی سەربازەکانی بکات.
لای خۆیەوە، عەلی سلێمان توێژەری کاروبارە ستراتیژییەکان لەپەیمانگای لێکۆڵینەوە نێودەوڵەتییەکان لەفڕۆستواف لەپۆڵەندا وتوویەتی:"ڕووسیا بۆئەوەی چەکی نوێ بخاتە جەنگەکەوە چاوەڕێی چۆڵبوونی شارەکانی ئۆکرانیا لەکەسانی مەدەنیی دەکات، بەڵگەش بۆئەوە ئەوەیە کە شەپۆلی یەکەمی ئەو مووشەکانەی ڕوسیا شاری خارکیڤ بەکاریهێنان بە تاڵبوون‌ و هیچ کڵاوەیەکی تەقینەوەیان تێدا نەبووە، ئامانجیش لەوە تەنها ترساندنی خەڵکەکەو گوشار درووستکردن بوو لەسەر دەسەڵاتدارانی کیێڤ.
سلێمان لەکۆتاییدا دەڵێت: " ڕووسیا لەهێرشەکانیدا هەوڵدەدات کەمترین ژمارەی کەسانی مەدەنیی ببنە قوربانیی، لەوەشدا ترسی لەکاردانەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە کە ڕەنگە بەرامبەر بەوە قورسترین سزاو گەمارۆی بەسەردا بسەپێنن".


ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە