چەند ووڵاتێک لە کوردستان بە نیازی وەربەرهێنان

پەیامی کورد    ...    چەند ووڵاتێک لە کوردستان بە نیازی وەربەرهێنان

جێگری سەرۆکی یەکیتی وەبەرھێنەرانی کوردستان ووتی، ئەمساڵ پلانێکی زۆر باش بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە لە ھەرێمی کوردستان دانراوە و ھەموو ھەرێمی کوردستان لێی سوودمەند دەبێت.

جێگری سەرۆکی یەکێتی وەبەرھێنەرانی کوردستان، کەمال ئاغا، ڕایگەیاند : ''بڕیارە لە سەرتای مانگی داھاتوودا کۆنفرانسێکی ژینگەپارێزی بە ھەماھەنگی لە نێوان دەستەی وەبەرھێنان و دەستەی ژینگە بە چاودێری سەرۆکی حکوومەت بەڕێوە بچێت کە ئامانج لێی پاراستنی ژینگەی ھەرێمی کوردستان و گرنگیدانە بە سەوزایی بدرێت و ئالیەتێک دابنرێت ژینگە خاوێن بکرێت و سەرۆکی حکوومەتیش ووتاری دەبێت، بۆیە کار دەکرێت بۆ ئەوەی کاریگەری پیسبوونی ژینگە کەم بکرێتەوە و سوود لە ئەزموونی ووڵاتانیش وەربگرین ''.

کەمال ئاغا ووتیشی: ''ئەمساڵ دەستەی وەبەرھێنان سیاسەتی خۆی گۆریوە و پڕۆژەیەکی زۆری ئامادە کردووە کە زیاتر لە ھەزار پڕۆژەیە و وەکوو ساڵانی ڕابردوو نابێت و دەستەی وەبەرھێنان خۆی پڕۆژە بۆ وەبەرھێنەران دیاری دەکات لە کوێ پێویستیان بە پڕۆژە ھەیە و چ جۆرە پڕۆژەیەکیش لەوێ ئەنجامی بدەن، نەک وەبەرھێنەر پڕۆژە پێشکەش بکات، بۆیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرینگی بە سێ سێکتەر دەدات، کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار.

ئاغا باسی لەوەش کرد: ''ئەم جارە ھەموو کوردستان لە پڕۆژەکان سوودمەند دەبن و سوود لە پڕۆژە و ھەلی کاریش وەردەگرن، چوونکە ساڵی ڕابردوو نزیکەی ٢٠٠ ھەزار ھەلی کار ڕەخسا و پلان دانراوە تا دوو ساڵی دیکە ڕێژەکە بۆ یەک ملیۆن ھەلی کار زیاد بکرێت، ئەوەش کاتی پێویستە و سەرمایەی زۆری دەوێت تا پلانەکە جێبەجێ دەکرێت، چوونکە خەریکە ھەندێک کۆمپانیای ئیماراتی و سەعوودی و تورکی بێن بەشداری جێبەجێکردنی پڕۆژەکان بکەن و تەنھا ئیمارات بڕیارە بە سەرمایەی سێ ملیار دۆلار کۆمپانیاکانیان وەبەرھێنان بکەن لە ھەرێمی کوردستان.''

ووتیشی: ''تەنھا ئەمساڵ داواکارییەکی زۆر بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە پێشکەش کراون و خەریکی دیراسەکردنن و ڕێکارەکان تەواو بن مووڵەتیان پێ دەدرێت کە وەبەرھێنەری ناوخۆیی و بیانی تێدایە و زیاتریش گرینگی بەکەرتی پیشەسازی دەدرێت و لە ساڵی ڕابردوو گرینگی بە کەرتی گەشت و گوزار درا بە سەرمایەی ٥ ملیار دۆلار، بۆیە کاری باش کراوە و گرینگی بە ھەموو سێکتەرەکان دەدرێت بێ جیاوازی، بەتایبەت سێ سێکتەری سەرەکی ،ئەوانیش پیشەسازی و گەشتیاری و کشتوکاڵ.''


ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە