چەند پڕۆژەیەکی بەرھەمھێنانی کارەبا جێبەجێ دەکرێن

پەیامی کورد    ...  چەند پڕۆژەیەکی بەرھەمھێنانی کارەبا جێبەجێ دەکرێن

بریکاری وەزارەتی کارەبا ئاشکرای کرد، ھەزار میگاوات کارەبا لە وێستگەی کواشی شاری دھۆک ھەیە و تەنیا لەسەر دابینکردنی گاز ماوە بۆ کارکردن و دەشڵێ، چەند پڕۆژەیەکی دیکەی ستراتیژی بەرھەمھێنانی کارەبا لە بازیان و ھەولێر جێبەجێ دەکەن.

کامیل بەزاز، بریکاری وەزارەتی کارەبا، ڕایگەیاند: "وێستگەی کواشێ لە شاری دھۆک توانای بەرھەمھێنانی ھەزار میگاوات کارەبای ھەیە، بەڵام سیاسەتی وەزارەت ئەوەیە کارکردنی وێستگەکە لە گازەوە بگۆڕێت بۆ گاز و گەیاندن و دابینکردنی گاز دەکەوێتە سەر وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، ھەرکاتێک ئەوان گاز دابین بکەن ئەوە بێگومان ھەزار میگاوات لە چوار یەکەی وێستگەی کارەبای کواشێ دەکەوێتە کار و دەخرێنە ناو تۆڕی گشتی کارەبای ھەرێمی کوردستان.''

بریکاری وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "وەزارەتی کارەبا داوای لە سامانە سرووشتییەکان کردووە بۆ کێشانی بۆڕی و دابینکردنی گاز بۆ وێستگەی کواشێ، بەڵام پڕۆژەکە دەکەوێتە سەر سامانە سرووشتییەکان و زانیاریم نییە بە ڕێژەی چەند کاریان لەسەر کردووە.''

کامیل قەزاز ووتیشی: "ئێمە چەند وێستگەیەکی دیکەی بەرھەمھێنانمان ھەیە لە ھەولێر و بازیان، بڕیارە ساڵی داھاتوو بکەونە کار و ڕێژەی بەرھەمھێنان بەرز دەبێتەوە، بەتایبەتی لەوەی بازیان بە دوو پڕۆژە نزیکەی ھەزار میگاوات کارەبا بەرھەم دێت و بەوەش کاریگەری لەسەر باش بوونی ڕەوشی کارەبا دەبێت لە ھەرێمی کوردستان.''


ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە