ڕاوێژکارى باڵاى خامنەیی هەڕەشە لە هێزە کوردییەکانى ڕۆژهەڵات دەکات

پەیامی کورد      ...   ڕاوێژکارى باڵاى خامنەیی هەڕەشە لە هێزە کوردییەکانى ڕۆژهەڵات دەکات

سەردار سەرلەشکەری پاسدار "سەید یەحیا سەفەوی" یاریدەدەر و ڕاوێژکارى باڵاى خامنەیی لە پرسى سەربازى، سەبارەت بە ئۆپراسیۆنى زەوینى سوپاى پاسداران دژى هێزە کوردییەکانى ڕۆژهەڵات لە هەرێمى کوردستان هەڕەشەى لە حیزبەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان کرد کە لە هەرێمى کوردستان خەریکى خەباتن دژ بە کۆمارى ئیسلامى.

 "سەید یەحیا سەفەوی" یاریدەدەر و ڕاوێژکارى باڵاى خامنەیی لە پرسى سەربازى ووتویەتى: "چەندین جار ڕامانگەیاندووە کە نابێت هەرێمى کوردستان ببێتە شوێنگەى کۆبوونەوەى دژە شۆڕشەکان ، تەنانەت پێش لە هێرشى زەوینى سوپا بۆ سەر بارەگا و بنکەکانى ئەو گرووپانە لە هەرێمى کوردستانى عێراق، بە فەرمى ڕاگەێندراوە کە نابێت ئەم ناوچانە، ببێتە شوێنگەیەک بۆ ئامادەبوونى هێزە دژەبەرەکانى کۆمارى ئیسلامى".

ئەم پاسدارە هۆشدار دەداتە "گرووپە دژە شۆڕشەکانی ئێران" لە هەر شوێنێک و لە نزیک سنوورەکانى ئێرانەوە بن و دەوڵەتەکانى ئەو ناوچانە پەنایان پێ بدەن و چەک و چۆڵیان پێ بدەن، ئەوا "ئێمە ڕووبەڕوویان دەبینەوە لەو ناوچانە. هەر لەم چوارچێوەیەشدا بە هەرێمى کوردستانى عێراق دەڵەین کە هیچ دژە شۆڕشێکى چەکدار کە بیەوێت سنوورەکانى ئێران نائەمن بکات، نابێت لە ناوچەى ژێر دەسەڵاتى ئەواندا هەبێت".

ئەم ڕاوێژکارەى خامنەیی باسى بەهێزبوونى سوپاى تیرۆریستى پاسداران دەکات و دەڵێت "هەرچەندە کە توخمە دژە شۆڕشەکان هەندێک دەرگیرى و خۆتێهەڵقورتاندن لە ناوچە سنوورییەکانى ووڵاتەکەمان درووست دەکەن، بەڵام لە بەرامبەر هێزى بەرگرى کۆمارى ئیسلامى حیسابیان بۆ ناکرێت و هێزە چەکدارەکانى ووڵاتەکەمان هێندە بەهێز بوونە کە تەنانەت دوژمنە گەورەکانی وەک ئەمریکاش پەیان بەم هێز و توانایە بردووە" و لە کۆتایی قسەکانیشى باس لە بەزەیی و چاکەکارى کۆمارى ئیسلامى دەکات و دەڵێت: "بەم هێزە چەکدارە دژە ئینقیلابییانە دەڵەین کە سوود لە ئاکارچاکى کۆمارى ئیسلامى وەربگرن و بگەڕێنەوە بۆ داوێنى ووڵاتە گەورەکەمان و دەست لە نۆکەرى ئەمریکیەکان و هەندێک ووڵاتانى دراوسێ کە پارەیان پێ دەدەن، هەڵگرن".


ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە