ڕاوێژکاری ئابووری موستەفا کازمی سەبارەت بە بڕیاری حکوومەت بۆ فرۆشتنی پێشوەختی بەشێک لەنەوت و وەرگرتنی پارەکەی پەیامێک بڵاو دەکاتەوە
پەیامی کورد ... ڕاوێژکاری ئابووری موستەفا کازمی سەبارەت بە بڕیاری حکوومەت بۆ فرۆشتنی پێشوەختی بەشێک لەنەوت و وەرگرتنی پارەکەی پەیامێک بڵاو دەکاتەوە،
راوێژکاری ئابووری سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بڕیاری حکوومەت بۆ فرۆشتنی پێشوەختی بەشێک لەنەوت و وەرگرتنی پارەکەی لەئێستادا، بەشێوەیەکی گشتی کاریگەری ئەرێنی لەسەر کورتهێنانی بوودجە دەبێت و دەتوانێت پێویستییەکانی حکوومەت بۆ هەندێک خەرجی جێگیر و پێویست بەکاربهێنێت.
مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری ئابووری سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، سیاسەتی دارایی دەوڵەت لەم قۆناغەدا پشت بەستنە بەهەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی قەرزی دەرەکی بۆ پشتیوانیکردن لە بوودجەی گشتی وڵات، لەو چوارچێوەیەشدا حکوومەت بڕیاریداوە بە فرۆشتنی بەشێک لەنەوتەکەی بەشێوەیەکی پێشوەخت و وەرگرتنی پارەکەی لەئێستادا.
ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارەکە یەکێکە لەرێکارەکان بۆ فراوانکردنی سەرچاوەکانی قەرزی دەرەکی، کەلەئێستادا حکوومەت پێویستی بە بوونی پارەیە بۆ دابینکردنی خەرجییە پێویستییەکان و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان.
ئەوە لەکاتێکدایە وەزارەتی نەوتی عێراق بۆیەکەمجار لەمێژووی وەزارەتەکەیدا بڕیاریداوە پێشوەخت بڕێک لەنەوتی عێراق بەشێوەی پێشوەخت بفرۆشێت، تائێستاش ژمارەیەک کۆمپانیای چین و چەند ووڵاتێکی دیکەش ئامادەیی خۆیان بۆ کڕینی نەوت بەو رێکارە دەربڕیوە، ئەوەش دەبێتە هاوکاری حکوومەت لە گەرەنتیکردنی مووچەی فەرمانبەران و پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی.
ئەم بابەتە 12004 جار خوێندراوەتەوە