ڕاوێژکاری باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان : کورد دەیەوێ لە ناوچە کوردستانییەکان یاسا سەروەربێت

پەیامی کورد   ...  ڕاوێژکاری باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان : کورد دەیەوێ لە ناوچە کوردستانییەکان یاسا سەروەربێت

ڕاوێژکاری باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد: کورد دەیەوێ لە ناوچە کوردستانییەکان یاسا سەروەر بێت و مافەکانی بەگوێرەی دەستوور مسۆگەر بکات دەشڵێ: نانەوەی شەڕ و ئاژاوە لە کەرکووک لەبەرژەوەندی کەس نییە.

دژوار فایەق، ڕاوێژکاری باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لە ڕاستیدا  کورد دانی بەوە ناوە لە کەرکووک و ناوچەکانی تری ماددەی ١٤٠ برایانی عەرەب و توركمان و كلدانی و ئاشووری لە دێر زەمانەوە لە گەڵیدا دەژین. ڕێز لە ماف و داخوازی و بیر و بۆچوون  و پیرۆزیی و سەمبۆلەکانیان دەگرێت، کورد ئارەزوومەندی پێکەوەژیانی ئاشتییانەیە لەو ناوچانە، ژیانێک بەڕاستی پڕ بێت لە ڕێز و برایەتی و سنگ فراوانی و لێبوردنی ئایینی و نەتەوەیی، داواش دەکات ئەوانیش هەمان هەست و هەڵوێست و ڕێزیان بەرامبەر کورد هەبێ، گوێ نەدەنە دەستوەردانی دەرەکی، لە بەرژەوندی کەسدا نییە، چوونکە ئەو دەستوەردانە  نایاسایی و نادەستوورییە و ئامانج دوو بەرەکی و ئاژاوەگێڕییە.
راوێژکارەکەی حکوومەتی هەرێم گوتی: کورد لە کەرکوک و ناوچەکانی مادەی ١٤٠ دەیەوی ئاشتیانە بژی بە ئاسودە بژی، مافەکانی بە گوێرەی یاسا و دەستوور  مسۆگەر بکات، کورد دەیەوێ لەو ناوچانە یاسا سەروەر بێ، عەسکەرتاریەت نەمینێ ، هێزى بیانى و میلیشیات  لەو شارانە وەدەر بنرێن،  یاسا بە دادپەروەری جیبەجێ بکرێت. دەسەڵات لەو ناوچەنانە دادپەروەربێت و ڕێگری لە ئازادی دانیشتوانی کورد نەکرێت و ڕی لە میلشا و گێرەشێوێنەکان بگیرێ کاری رێگری و چەتەیی نەکەن وەکو ئەو ڕۆژە لە کەرکووک کرا، پێشتریش لە شارەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ کراوە و تا ئێستا لە شنگال بەردەوامە.

دژوارفایەق ووتیشی: کورد دەیەوێ ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت، ماف بۆ خاوەن خاک و حەق بگەڕێتەوە، باشتیریش وایە تا ماددەی ١٤٠ جێبەجێ دەبێت ئیدارەی هاوبەش لە کەرکووک و ئەو ناوچانە پێک بهێندرێت لە نێوان کوردستان و عێراق لە ئیدارات و دەزگای سەربازی و ئەمنی دادوەری، ئیدارەی  کەرکووک و ئەو ناوچانە بگۆڕدرێن بە خەڵکانی شارەزا و پاک و جێی متمانە، کورد داوای خزمەتگوزاری گشتی دەکات داوای دەرفەتی کار دەکات بۆ گەنجان، داوا دەکات ڕێژەی فەرمانبەر لە کەرکووک و ئەو ناوچانە بە گوێرەی دانیشتوان بێت بە هەمان شێوە دانانی بەڕێوەبەری فەرمانگەکانیش مەدەنی، ئەمنی و سەربازی هەر لەسەر هەمان بنەما بێت، چوونکە لەو  بوارنەدا ناحەقی زۆر بەرامبەر کورد کراوە و مافی پێشێلکراوە، کورد دەستی یارمەتی و برایەتی و پێکەوەژیان درێژ دەکات بۆ هەموو پێکهاتەکان.

دژوار فایەق ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: شەڕ و ئاژاوە نانەوە یان دواخستنی چارەسەری کێشەی کەرکووک و ناوچەکانی تری ماددەی ١٤٠ لە بەرژەوندی پێکهاتەکان نییە، لە بەرژوەندی کوردستان نییە، لە بەرژوەندی عێراق و ناو چەكەش نییه،

بۆیە پێویستە حکوومەتی کوردستان و حکوومەتی عێراق بە پەلە گفتۆکۆ بکەن ئەو کێشانە هەموو چارەسەربکەن بە گوێرەی یاسا و دەستوور سنوورێکیش بۆ خەلکی ئاژاوەگێڕ دابنێن تا فیتنەکە گەورەتر نەبووە و چارەسەری نەکەوتووەتە کێشەوە ، باشتریش وایە داوای  یارمەتی لە نەتەوەیەکگرتوەکان و دۆست و هاوپەیمانان بکرێ بۆ هاوکاری و ناوبژیوانی کردن تا بڕیارەکان دادپەروەرانە بن.


ئەم بابەتە 11984 جار خوێندراوەتەوە