ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان : داعش ئێستا ھەموو جۆرە چەکێکی پێشکەوتووی لە بەردەستە
پەیامی کورد ... ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان : داعش ئێستا ھەموو جۆرە چەکێکی پێشکەوتووی لە بەردەستە
راوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەڵێ، داعش ئێستا ھەموو جۆرە چەکێکی پێشکەوتووی لە بەردەستە و بەرەنگاری تەکنۆلۆژیای سەردەم بووەتەوە، ئەمەش کارێکی مەترسیدارە.
بابەکر زێباری، راوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، رایگەیاند : جووڵەی چەکدارانی داعش لە عێراق پەیوەستە بەو بۆشاییە ئەمنییەی لە نێوان پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکاندا هەیە، چوونکە لە ئێستادا داعش لە قەرەچووغ و حەمرین و چەندین ناوچەی دیکە مەشق و راھێنان بە چەکدارەکانیان دەکات و رەوانەی ناوچەکانی دیکە دەکرێن بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆرستی و ھێرشکردن.
راوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ووتیشی، داعش ئێستا ھەموو جۆرە چەکێکی پێشکەوتووی لە بەردەستە و بەرەنگاری تەکنۆلۆژیای سەردەم بووەتەوە، ئەمەش کارێکی مەترسیدارە، چوونکە شەڕێکی پارتیزانی تووند دەستی پێکردووە.
زێباری ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، خەڵکێکی زۆری ناوچە سوننەنشینەکان بە ھۆی یاخی بوونیان لە دەسەڵاتی عێراق، پەیوەندییان بە داعشەوە کردووە و بە رۆژ کاری خۆیان دەکەن و بە شەویش ھاوکاری چەکدارانی داعش دەکەن، لەبەر ئەوەش مەترسی ھەیە ئەگەر ناوچەیەکیش بکەوێتە ژێر دەستی داعش، بەڵام ئەمە بۆ عێراق و داعش ھەرگیز ناتوانێت ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە داگیر بکات.
ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە