ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم سەبارەت بە جێبەجێ کردنی ماددەی ١٤٠ و ئیدارەکردنی ئەو ناوچانە پەیامێکی گرینگ ڕادەگەێنێت

پەیامی کورد     ...    ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم سەبارەت بە جێبەجێ کردنی ماددەی ١٤٠ و ئیدارەکردنی ئەو ناوچانە پەیامێکی گرینگ ڕادەگەێنێت

ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ناوچە کوردستانییەکان ووتی، تا ئێستا چەند ڕێککەوتن لەبارەی ناوچە کوردستانییەکانەوە لەگەڵ بەغدا کراوە، ھیچیان جێبەجێ نەکراوە، بۆیە پێویستە ئەم جارە لە دانووستانەکاندا داکۆکی لەسەر ئەو ڕێککەوتنانە بکرێت و ناوچە کوردستانییەکان ئاسایی بکرێنەوە و ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت و تا ئەو کاتەش ئیدارەی ئەو ناوچانە بە ھاوبەشی بەڕێوە ببردرێت.''

دژوار فائق، ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ناوچە کوردستانییەکان، ڕایگەیاند : ''ئەو مافانەی ئێمە وەکوو ھەرێمی کوردستان لە عێراق داوای دەکەین، ھەموویان دەستووری و یاسایی و مافی سەرەتایی گەلی کوردستانن. دەوڵەت بۆ کوردستان درووست نەکرا و بەزۆر بە عێراقەوە لکێندرا و شاراوەش نییە کە عێراق لەژێر کاریگەری عەقڵیەتی شۆڤێنی و بیری تووندی ئایین زایی و مەزھەبی و دەستوەردانی دەرەکی دایە و ئەمە وای کردووە مافی کورد کە لە دەستووردا ھاتووە لەلایەن حکوومەتی عێراق ەوە جێبەجێ نەکرێت و، ئەمەش ڕەنگی داوەتەوە لەو ناوچانە و بووەتە کێشە لە نێوان ھەرێم و بەغدادا، دیارە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بەپێی مێژوو ناوچەی کوردستانین و، سەرەڕای ئەوەی تەعریبیش کراون لە ھەموو ھەڵبژاردنەکاندا کورد لەو ناوچانەدا زۆرینەیە، لە کاتێکدا هێشتا دۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی نەکراوەتەوە.''

دژوار فائق ووتیشی: ''ئێستا کە حکوومەتی تازە پێک دەهێنرێت و حکوومەتی ھەرێم گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی زۆرینە، یاخود سەرۆکوەزیرانی نوێ دەکات، پێویستە کورد یەکڕیز بێت و یەک بەرنامە و یەک پاکێجی ھەبێت بۆ داوای مافەکانی و کێشەی پێشمەرگە و بوودجە و زەوی وزار و ئاساییکردنەوەی ناچە کوردستانییەکان و جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ و، ئەوەی کە تا ئەو ماددەیە جێبەجێ دەکرێت، ئەو ناوچانە بە ھاوبەشی بەڕێوە ببردرێن و ھەماھەنگی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا ھەبێت و ھێزی میلیشیا لەو ناوچانە دەربکرێن و خەڵکی ناوچەکە و پۆلیسی ناوخۆ و ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق مەلەفی ئەمنی ئەو ناوچانە بگرنە ئەستۆ.''

فائق ووتیشی: ''گرینگە وەفدێک پێک بێت کە ئەندامەکانی لە ھەموو بوارەکانی سیاسی و یاسایی و ئابووری و ئامار و مێژوو و جوگرافیا شارەزا بن و دانووستان بکەن و ئەو خاڵانەی کە ئێمە ھاوپەیمانییان لەگەڵ دەکەین، شیعە و سوننە و سەرۆکوەزیرانی نوێش بخەنە نێو بەرنامەوە و، لە ھەموویشی گرینگتر ئەو ئیدارەیەی لە کەرکووک و شەنگال سەپێندراوە نەمێنێت، لە کەرکووک پارێزگاری سەپێندراو بیروباوەڕی شوڤێنی و تووندڕەوە و تا ئێستا دوو جار سازش لە کورسی پەرلەمان دەکات بۆ مانەوە و دژایەتی کردنی کورد و پرۆسەی تەعریبی دەست پێ کردووەتەوە و ئەوەی لە شەنگالیش ھەیە دەستوەردانی دەرەکی و میلیشیایی یە، لە کاتێکدا کە ئێمە ڕێککەوتنمان لەگەڵ بەغدا هەیە بۆ ئەوەی لە ھەنگاوی یەکەمدا دۆخی شنگال و دواتر کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە، کێشەیان بۆ شنگال درووست کرد و تا ئێستا ھیچ نەکراوە، بۆیە پێویستە وەفدی کوردی بە یەکڕیزی و بە ئەو ھەموو ڕێککەوتنەی پێشتر کراوە، بەتایبەت لەگەڵ ھەردوو سەرۆکوەزیران، عادل عەبدۆلمەھدی و موستەفا کازمی، لە دانووستاندا داکۆکی لەسەر بکەن بۆ ئەوەی ئەو ناوچانە ئاسایی بکرێنەوە.''

ئاماژەشی دا: ''پێویست بوو بەغدا لە ساڵی ٢٠٠٧ ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکات، هەروەها پێویست بوو سکاڵایان لەسەر تۆمار بکەین کە جێبەجێیان نەکردووە و ئێستاش پێویستە تا ماددەی ١٤٠ جێبەجێ دەکرێت ئەو ناوچانە بە ھاوبەشی بەڕێوە ببردرێن، نەک بەغدا بە تەنھا بەڕێوەیان ببات.''


ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە