ڕاگەیندراوێک سەبارەت بە دۆخی تەندرووستی عەبدۆڵڵا ئۆجاڵان بڵاو دەکرێتەوە
پەیامی کورد ... ڕاگەیندراوێک سەبارەت بە دۆخی تەندرووستی عەبدۆڵڵا ئۆجاڵان بڵاو دەکرێتەوە
كۆمیتهى ئازادی ئۆجاڵان ڕاگهێندراوێكى لهبارهى دۆخى عهبدوڵا ئۆجاڵان رێبهرى زیندانیكراوى پهكهكه بڵاوكردهوهو تێیدا هاتووه ٢١ مانگه هیچ زانیاریهك لهبارهى دۆخ و تهندرووستى عهبدۆڵڵا ئۆجاڵان نههاتۆته درهوهى زیندان.
دهقى ڕاگهێندراوى كۆمیتهى ئازادی ئۆجاڵان"
بۆ رای گشتی
بیرمەند و رێبەری ئازادی بەڕێز عەبدۆڵڵا ئۆجاڵان، کە لەمیانەی پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی قێزەوندا بەدیلگیرا، ٢٤ ساڵە لە دژوارترین دۆخدا لە زیندانی ئیمڕاڵی دایە. بچووکترین مافی زیندانییەکی پێ رەوا نابیندرێت. گۆشەگیرییەکی تووند، رێگەنەدان بە سەردانیکردنی خانەوادە و پارێزەرەکان و دونیای دەرەوەی زیندان، رێگەنەدان بە نووسین و خوێندنەوە و لێسەندنەوەی پێنووس و دەفتەر و پەرتووک و رادیۆ، سزادانی بەردەوام بەناوی سزای دیسیپلینی و دەیان پێشێلکاری دیکە دژ بە بەڕێز ئۆجاڵان و زیندانیانی دیکەی ئیمڕاڵی پەیڕەو دەکرێت.
لەکاتێکدا زیاتر لە ٢١ مانگە هیچ هەواڵێک لەبارەی ژیان و تەندرووستی بەڕێز ئۆجاڵان و زیندانیانی دیکەی ئیمڕاڵی نییە و نازانرێت چی لە ئیمڕاڵی گوزەراوە و دەگوزەرێت، لە دۆخێکی وەهادا؛ کۆمیتەی دژبەئەشکەنجەی کۆنسەی ئەورووپا(CPT) لەم ماوەیەدا دووجار چوەتە ئیمڕاڵی، بەڵام بەگوێرەی زانیاری "پارێزەرانی دۆزی سەدە" هەردوو جاریش چاوپێکەوتن لەگەڵ رێبەر ئۆجاڵان و زیندانیانی دیکە ئەنجام نەدراوە.
بەڵام نازانرێ بۆ ئەنجام نەدراوە. (CPT)یش هیچ لێدوانێک لەم بارەیەوە نادات و راستییەکان ئاشکرا ناکات و راپۆرتی خۆی لەم بارەیەوە بڵاوناکاتەوە. ئەمەش دۆخێکی نائاسایی و مەترسیداری جیددییە.
بێگومان سیستەمی زیندانی ئیمڕاڵی هەر تەنیا زیندانێک نییە، بەڵکو سیستەمێکی تاوان و ئەشکەنجەی نێودەوڵەتییە، ئەم سیستەمەی ئیمڕاڵی ٢٤ ساڵە بۆتە ئەڵقەیەک لەسیستەمی نکۆڵی و قڕکردن و تواندنەوە و چەوسانەوەی گەلی کورد و دەخوازن بەسەر تەواوی گەلی کورددا بیسەپێنن، لەهەمانکاتدا بۆتە درێژکراوەی پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییەکەی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩. بۆیە لێرەدا حکوومەت و دەوڵەتی تورکیا و (CPT)و ناتۆ و هەموو دەزگاکانی یەکێتی ئەورووپا بەرپرس دەبینین لە ژیان و تەندرووستی رێبەر ئۆجاڵان و زیندانیانی دیکە.
لەکاتێکدا (CPT) ئەرکی یاسایی و ئەخلاقی خۆی جێبەجێ ناکات و دژ بە هەموو جۆرە ئەشکەنجەکانی سیستەمی ئیمڕاڵی هەڵوێست وەرناگرێت و پەیڕەوی رێسای "مافی هیوا" ناکات کە دەبێت دەستبەجێ بەڕێز ئۆجاڵان لە زیندان ئازاد بکرێت، کەچی بۆتە بەشیک لە سیاسەتی دژەکورد و دژە ئازادییانەی دەوڵەتی تورکیا و ناتۆ و گوێ بە هیچ پێوەرێکی یاسایی و مافەکانی مرۆڤ و ئەرکە ئەخلاقییەکانی نادات، بەهیچ شێوەیەک هەستیارێتی گەلی کورد لەبەرچاو ناگرن و گوێ بەوە نادەن کە ژیان و تەندرووستی رێبەر ئاپۆ بۆ گەلی کورد و بزووتنەوە ئازادیخوازەکەی هۆکاری شەڕ و ئاشتیی، ژیان و ئازادیی و کۆی بەهاکانیەتی. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە (CPT) بۆتە بەشێک لەجێبەجێکردنی ئەڵقەیەکی تری پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی دژ بە رێبەر ئۆجاڵان و گەلی کورد و بزووتنەوە ئازادیخوازییەکەی.
بۆیە ئێمە وەک کۆمیتەی ئازادی عەبدوڵڵا ئۆجاڵان لە باشووری کوردستان، لەبارەی ئەم دۆخە نائاسایی و مەترسیدارەدا ئەوە دەخەینەڕوو کە دەوڵەتی داگیرکاری تورکیا لە هێرش و پەلامارەکانی بۆ سەر گەلی کورد و هێرشە دڕندانەکانی بە چەکی قەدەغەکراو و کیمیاوی بۆ سەر گەریلاکانی ئازادی و بۆردومانی بەردەوامی بۆ رۆژئاوای کوردستاندا شکستی مەزنی خواردووە و بێ ئەنجام ماوە، لە دۆخێکی وەهادا بۆ مانەوەی خۆی دۆخێکی نائاسایی لە زیندانی ئیمڕاڵی درووست کردووە و ئەمەش بە هاوکاری و بێدەنگی (CPT) و کۆنسەی ئەوروپا و ناتۆ بەڕێوە دەبات. بۆیە پێویستە گەلەکەمان و تەواوی ئازادیخوازانی دونیا و دامودەزگا نێودەوڵەتییەکان لەم دۆخە نائاساییەدا ئاگادار بن و هەڵوێستی پێویست وەربگرن، لەم دۆخەدا هەڵوێستی جددیانەی گەلەکەمان دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ و یەکلاییکەرەوە ببینێت لە تێپەڕاندنی ئەم دۆخە نائاساییەدا. بۆیە بانگەوازی لەهەموو چین و توێژەکانی گەلەکەمان، پارت و لایەنە سیاسییەکان، رێکخراوە مەدەنییەکان، رۆشنبیران، پارێزەران، چالاکوانان دەکەین کە لە هەر چوار لای کوردستان و دەرەوەی ووڵات، بە چالاکی جۆراوجۆر و بەکاریگەر، لە شەقامەکان و گۆڕەپانەکاندا، لەبەردەم نووسینگەکانی (CPT) و کۆنسەی ئەورووپا و پەرلەمانی ئەورووپا و ناتۆ و دامودەزگا نێودەوڵەتییەکان، بە رۆحی سەفەربەری و بەیەکگرتوویی هەڵوێستی ووڵاتپارێزی و ئازادیخوازی خۆیان دەرببڕن.
کۆمیتەی ئازادیی ئۆجەلان - باشووری کوردستان
ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە