ڕاگەێندراویکی هاوبەش لە لایەن داناگاز و نەوتی ھیلال  ەوە

پەیامی کورد     ...   ڕاگەێندراویکی هاوبەش لە لایەن داناگاز و نەوتی ھیلال  ەوە 

بەپێی ڕاگەێندراوێکی ھاوبەش، کۆمپانیاکانی داناگاز و نەوتی ھیلال دەستیان کردووە بە فراوانکردنی پرۆژەی وێستگەی کۆرمۆر لە ھەرێمی کوردستان و زیادکردنی گاز بە ڕێژەی ٦٠% و تاوەکوو ساڵی ٢٠٢٣ بەرھەمھێنانی گاز لە ٤٤٠ ملیۆن پێ سێجا بۆ ٦٩٠ ملیۆن پێ سێ جا زیاد بکەن، ڕاوێژکارێکی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش دەڵێت، گرینگە گاز بۆ ناوخۆ دابین بکرێت و بۆ پیشەسازی بەکار بھێندرێت.

ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری وزە، دکتۆر بێوار خنسی، ڕایگەیاند : "لە ناوچەی کۆرمۆر کێڵگەی گاز ھەیە کە لە ھەرێمی کوردستان بەناوبانگن و ئەگەر حکوومەت گرینگی بە کۆرمۆر و چەمچەماڵ بدات کە ئێستا داناگاز و ھیلال کاری لەسەر دەکەن و لە٤٤٠ ملیۆن پێ سێجای ڕۆژانە بیکەنە ٦٩٠ ملیۆن پێسێجای ڕۆژانە بەرھەمی گاز زۆر دەبێت، بۆیە پێشنیار دەکەم حکوومەت داوا لەو کۆمپانیایانە بکات ھەوڵ بدەن گاز بۆ ناو ھەرێم دابین بکەن، چونکە داھاتی زیاتر دەبێت کە داھات زیاتر بوو ھەوڵ بدرێت پیشەسازیی گاز پەیدا بکات، چونکە وڵاتانی پێشکەوتوو نەوتی خاو و گازی خاو ڕاستەوخۆ دەکەنە پیشەسازی و داھاتی زیاتر دەبێت، لەبەر ئەوەی دەرفەتی کاری زیاتر دەبێت و زۆر کەلوپەلی پێ دروست دەکرێت و خزمەتی ھاووڵاتییان دەکات و داھاتی حکوومەتیش زیاد دەکات.''

دکتۆر بێوار خنسی گوتیشی: "داھاتی ھەرێم بە زیادبوونی گاز زیاد دەکات و لەسەر نرخی گازیش دەمێنێتەوە و بڕوا ناکەم نرخی کەم بێتەوە، چونکە ئێستا گاز کێبڕکێی نەوت دەکات و خاوێنە بۆ بەکارھێنان و بۆ ژینگە و نەخۆشی درووست ناکات و زەحمەت نییە بۆ بەکارھێنان بۆیە خواست زیاتر لەسەر گاز ھەیە، گەر بۆ کەرتی کارەبا بەکار بێت بەرھەمی کارەبا زیاد دەبێت، چونکە ٧٠%ی وێستگەکانی کارەبا بە گاز کار دەکەن، بۆیە گرنگە بۆ کارەبا بەکار بھێندرێت و ھەوڵ بدرێت گاز شوێنی نەوتی خاو بگرێتەوە و بۆ دابینکردنی کاری دیکەش کە شەش کۆمپانیای گەورەمان ھەیە لە بواری ئاسن و چیمەنتۆ، بۆیە گەر گاز زۆر بێت و کارگەکان کاری پێ بکەن زۆر باشە، پیشەسازیی گاز زیاتر پێش دەکەوێت."


ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە