ڕاگەێندراوی كۆبوونەوەی فراوانى كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان
پەیامی کورد ... ڕاگەێندراوی كۆبوونەوەی فراوانى كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان
سەرۆك مهسعوود بارزانی)، كۆمیتەی ناوەندی پارتیمان، بە ئامادەبوونى هەڤاڵانى کۆمیتەى ناوەندى و بەرپرسى لقەکان، دوو شەممە ٢ ى حوزەیرانى ٢٠٢٥، كۆبوونەوەی فراوانى خۆی ئەنجام دا.
كۆبوونهوه به ساتێك وهستان بۆ ڕێزگرتن له گیانی پاكی شههیدانی كوردستان، سهروهریان بارزانی نهمر و كاك ئیدریسی ههمیشه لهیاد دهستی پێكرد، دواتر چەند پرسێکى گرینگ و هەنووکەیى شرۆڤەکران و گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
تەوەری یەكەم/ پەیوەندیمان لەگەڵ حکوومەتى فیدراڵ؛ پارتیمان لە قۆناغى بەرەنگاربوونەوە و ڕوخاندنى ڕژێم و دواتریش لە بونیادنانى عێراقێکى نوێ، کە تێیدا هەموو هاووڵاتیان هەست بە ئارامى و ئاسوودەیى بکەن و، بەگوێرەى دەستوور بە ماف و ئازادییەکانیان بگەن، عێراقێک کە بەبێ جیاوازى نەتەوەیى و ئایینى و مەزهەبى بۆ هەمووان بێت ڕۆڵى کاریگەرى هەبوو، سەرکردایەتى سیاسی کوردستان بە بڕیارى پەرلەمانى کوردستان بەشدارى دامەزراندنەوەى عێراقى نوێی کرد لەسەر بنەماى هاوبەشى و سازان و هاوسەنگى (شراکة، توافق، توازن) و بەڕێوەبردنى عێڕاق لەلایەن هەموو پێکهاتەکانییەوە بەگوێرەى دەستوورى هەمیشەیى عێراقى فیدراڵ و دابینکردنى ژیانێکى شایستە بۆ تەواوى خەڵکى عێراق کە ببێتە مایەى قەرەبووکردنەوەى ئەو هەموو نەهامەتى و وێرانییەى بەسەر عێراق بەگشتى و کوردستان بەتایبەتى دا هاتبوو. بەداخەوە دواى تێپەڕینى چەند ساڵێک بەسەر ڕوخانى ڕژێم، بەشێک لە دەسەڵاتدارانى بەغدا بە عەقڵیەتى دوور لە عەقڵیەتى فیدراڵى و بە ئاراستەى گێڕانەوە دەوڵەتى مەرکەزى و پشتکردن لە دەستوور و ڕێککەوتنەکانى کە لە نێوان لایەنە سیاسییەکان ئەنجامدراون بۆ پێکهێنانى کابینە و فشار خستنە سەر هەرێم بە هەموو شێوازێک و بەکارهێنانى کارتى مووچە و بودجەى هەرێمى کوردستان هەنگاو دەنێن، کۆبوونەوە پەسەند و پاڵپشتى هەڵوێستى مەکتەبى سیاسىی پارتیمانى کرد لە بارەى مووچەى مووچەخۆرانى کوردستان، هەروەها هەڵوێستى حزبە کوردستانییەکانى لە کۆبوونەوەى هاوبەشى ڕێکەوتى ٣١ى ئایارى ٢٠٢٥ بەرزنرخاند و، دواى ئەو ئاماژە ئەرێنیەى کە هەیە لەلایەن حکومەتى فیدراڵى و دامەزراوەى قەزائى بۆ چارەسەرکردنى گرفتەکە ئێمەش داکۆکى دەکەین لە چارەسەرکردنى کێشەکان و کۆتایى هێنان بەمشێوە ڕەفتارە نادادپەروەرانەیەى کە لەگەڵ بژێوى ژیانى فەرمانبەر و مووچەخۆرانى کوردستان دەکرێت.
تەوەری دووەم/ پەیوەندیمان لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکانى کوردستان؛ پارتیمان باوەڕى تەواوى بە فرەحزبى و لەگەڵیشیدا بە کارى هاوبەش و بەرپرسیارییەتى هاوبەش هەیە، لەم ڕوانگەیەوە هەوڵى ڕێکخستنەوەى نێوماڵى کوردستانیمان بەردەوام هەبووە و هەوڵى جیددیشمان دا بۆ دروستکردنى هاوپەیمانیەتییەکى کوردستانى بۆ بەشدارى لە هەڵبژاردنى داهاتووى خولى شەشەمى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێڕاق بۆ ئەوەى لە بەغدا وەکوو پێکهاتەى کورد ڕۆڵێکى کاریگەرترمان هەبێت، نەک وەکوو ئەحزاب، بەڵام بەداخەوە پێشوازى لەو هەوڵەمان نەکرا و بێ ئەنجام بوو. دوا هەوڵیشمان بۆ کارى پێکەوەیى و درووستکردنى هاوڕایى بەرامبەر کێشە و ئاڵنگارییەکان ئەوەبوو کە داوامان لە هەموو پارت و لایەنە کوردستانییەکان کرد و میوانداریمانکردن بۆ کۆبوونەوەیەکى هاوبەش کە بەسوپاسەوە بەشى هەرە زۆرى حزب و لایەنەکان ئامادەی کۆبوونەوە و گفتوگۆکردن بوون هاوکات چەند لایەنێکیش دەستپێشخەریەکەیان قبووڵ نەکردین کە ئامانج لێى ڕاوێژ و ڕاگۆڕینەوە بوو لەبارەى بڕیارە نایاساییەکەى وەزارەتى دارایى حکوومەتى فیدراڵ سەبارە بە ماف و شایستە داراییەکانى مووچەخۆران بەتایبەتى و خەڵکى هەرێمى کوردستان بەگشتى، شایەنى ئاماژەیە کۆبوونەوەى ناوبراو کۆبوونەوەیەکى باش و سەرکەوتوو بوو.
تەوەری سێیەم/ سەردان و کۆبوونەوەکانى بەڕێز سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان؛ دواى گفتوگۆ و ڕونکردنەوەى ناوەرۆکى سەردانەکەى بۆ ولایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، کۆبوونەوەکانى بەرێزیان لە گەڵ کەسایەتى و دامەزراوەکانى ئەو ووڵاتە بە کارێکى باش زانرا بۆ زیاتر پتەوکردنى پەیوەندى نێوان هەرێمى کوردستان و ئەمریکا، هەروەها ڕێککەوتنەکان لەسەر کێڵگەکانى گاز و نەوت کە لە چوارچێوەى مافە دەستوورى و یاساییەکانى هەرێمى کوردستان دان، بە سوودى بوژانەوەى ئابوورى هەرێمى کوردستان و عێراق زانران.
تەوەری چوارەم/ پرۆسەى پێکهێنانى کابینەى دەیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان؛ لیژنەى دانووستاندنەکانى پارتیمان زانیارى و ڕونکردنەوەى پێویستى لەبارەى هەنگاوەکانى ئەو پرۆسەیە پێشکەشى کۆبوونەوە کرد، بەردەوامى هەنگاوەکانى لیژنەى ناوبراو بە مەبەستى پێکهێنانى کابینەى دەیەم بە زووترین کات بەپێوست زانرا.
تەوەری پێنجەم/ پرۆسەى هەڵبژاردنى خوولى شەشەمى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق؛ لیژنەى باڵاى سەرپەرشتى پرۆسەى هەڵبژاردن تەواوى هەنگاو و ئامادەکارییەکانى کە کراون و پلان و بەرنامەى داهاتووى لیژنە و ئۆرگانەکانى پارتیمانى سەبارەت بەم پرۆسەیە خستە ڕوو، کۆبوونەوە پلان و هەوڵەکانى لیژنەى ناوبراوى بە گوێرەى ئەو خشتە زەمەنیەى کە دیاریکراوە بە پەسەند زانى.
كۆمیتهی ناوهندی
پارتی دیموكراتی كوردستان
٢ـی ٦ـی ٢٠٢٥
ئەم بابەتە 31 جار خوێندراوەتەوە