ڕاگەێندراوێک لە لایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزارەوە سەبارەت بە واژوو کردنی لێكتێگەیشتننامەیەک لەگەڵ ئاژانسی VNGی هۆڵەندی بڵاو دەکاتەوە

پەیامی کورد      ...      ڕاگەێندراوێک لە لایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزارەوە سەبارەت بە واژوو کردنی لێكتێگەیشتننامەیەک لەگەڵ ئاژانسی VNGی هۆڵەندی بڵاو دەکاتەوە

له‌ ڕاگه‌ێندراوێكدا وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شت و گوزاری هه‌رێمی كوردستان بڵاوی كرده‌وه‌: ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 23 - 5 - 2021، یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن بۆ باشكردنی توانای خۆگونجاندنی كۆمەڵگەكانی خانەخوێ و ئاوارە و پەنابەران لە عێراق و هەرێمی كوردستان و پەرەپێدانی ئابووری و رەخساندنی هەلی كار، لەلایەن وەزارەت و ئاژانسی هەماهەنگی نێودەوڵەتییكۆمەڵەی شارەوانییەكانی هۆڵەندا واژوو كرا.

ده‌قی راگه‌ێندراوی وه‌زاره‌ت:

ئەمڕۆ یەكشەممە (23ی ئایاری 2021) بە ئامادەبوونی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و میشێل لیت ئاخت نوێنەری ئاژانسی هەماهەنگی نێودەوڵەتی كۆمەڵەی شارەوانییەكانی هۆڵەندا و ژمارەیەك لە بەڕێوبەرانی گشتی و بەرێوبەرانی وەزارەتی شارەوانی و تیمی ئەندازیاران و نوێنەری ئاژانسی VNG ڕێوڕەسمی واژووكردنی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن لەنێوان وەزارەتی شارەوانی و ئاژانسی VNG لەلایەن ساسان عەونی وەزیری  شارەوانی و گەشتوگوزار و نوێنەری ئاژانسی VNG سەبارەت بە باشكردنی توانای خۆگونجاندنی كۆمەڵگەكانی خانەخوێ و ئاوارە و پەنابەران لە عێراق و هەرێمی كوردستان واژوو كرا.

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەمیانەی ڕێوڕەسمەكەدا ووتارێكی پێشكەش كرد و تێیدا ناوەڕۆك و گرینگی لێكتێگەیشتنەكەی بۆ میدیاكان و ئامادەبووان خستەڕوو و لە بەشێكی وتارەكەیدا سەبارەت بە پرۆژەكە  ئاماژەی بەوە كرد كە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ ئاژانسی هەماهەنگیی نێودەوڵەتی شارەوانییەكانی هۆڵەندا VNG، یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن بۆ باشكردنی توانای خۆگونجاندنی كۆمەڵگەكانی خانەخۆی و ئاوارە و پەنابەران لە عێراق و هەرێمی كوردستان، واژوو كرد. ووتیشی: ئەم پرۆژەیە لەلایەن فەرمانگەی هاوكاری مرۆیی و سەقامگیری لە وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا، بەشێوەی بەخشەر، پارەی بۆ تەرخان دەكرێت و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەمڕۆوە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

سەبارەت بە گرینگی یاداشتنامەكە و كاریگەری لەسەر پەرەپێدانی هەماهەنگی و  پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو لایەنی حكوومەتی هەرێم و هۆڵەندا ووتی: بە واژووكردنی ئەم یاداشتنامەیە، قۆناغێكی نوێ لە پەیوەندییەكانی ئێمە و حكوومەتی هۆڵەندا بۆ ئاستێكی باشتر و بەرەوپێشچوونی زیاتر دەستپێدەكات، ئاواتەخوازین لەدوای واژووكردنی ئەم لێكتێگەیشتنە بواری زیاتری هاوكاری و پاڵپشتی رێكخراوە هۆڵەندییەكان بە پرۆژە و واژووكردنی یاداشتنامە و كاری گەورەتر لەنێوان دامودەزگەی حكوومەتی هۆڵەندا و رێكخراوەكانیان، لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بێتە ئاراوە.

سەبارەت بە هاوكاری و كارەكانی ئەو ئاژانسە لە رابردوودا لەگەڵ دام ودەزگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوە كرد كە ئاژانسی VNGی هۆڵەندی لە چوارچێوەی پرۆگرامەكانی MASAR  و LOGOREP2 پێشتریش لە چەندین سێكتەری دیكەدا هاوكاری و پاڵپشتی فەرمانگەكانی وەزارەتی شارەوانی و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان لە سنووری پارێزگای دهۆك و هەولێر كردووە، لە بواری ئاو و ئاوەڕۆ و كردنەوەی زنجیرەیەك خولی هەمەجۆر بۆ كارمەند و ئەندازیارانی بەڕیوەبەرایەتی ئاوی دهۆك و بەڕێوبەرایەتی ئاوی دەوروبەری دھۆک و بەڕێوەبەرایەتی ئاوەڕۆوەکانی دھۆک، پرۆژەی سندوقی كۆكردنەوەی جلوبەرگ بۆ كەسانی كەم دەرامەت و كەمپی ئاوارەكان بە ھاوبەشی لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی دھۆک، هەروەها پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری راوێژکاری لە بواری کۆکردنەوە و چارەسەرکردنی زبڵ و خاشاک و كردنەوەی وۆرك شۆپ و سازكردنی سیمینار و ڕاهێنانی فەرمانبەران لەسەر بابەتە هەمەجۆرەكان.

سەبارەت بە جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی یاداشتنامەكە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێ: ئێمە وەکوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە گرینگییەوە لە واژووكردنی ئەو لێكتێگەیشتنە دەڕوانین و لەپێناو خزمەتكردنی هاووڵاتیانمان پابەند دەبین بە جێبەجێكردنی خاڵەكانی، بە دڵنایییەوە تەواوی پاڵپشتی بەهێزی پڕۆژەکە دەکەین و هەماهەنگی پێویست بۆ سەرجەم چالاکییەکانی دەکەین و کارمەندی پێویست و تایبەتمەند بۆ ڕاپەراندنی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژانە دابین دەکەین و هەرچی پێویست بێت بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوە لەسەر ئەنجامەکان و هەڵسەنگاندن و هەماهەنگی و چاودێری پێشوەچوون لەگەڵ لیژنە ڕاوێژکارییەکان دەکەین.


ئەم بابەتە 11993 جار خوێندراوەتەوە