ڕاگەێندراوێک لە ووتەبێژى پارتى دیموکراتى کوردستانەوە

پەیامی کورد  ...  ڕاگەێندراوێک لە ووتەبێژى پارتى دیموکراتى کوردستانەوە

بارودۆخى عێراق و ناوچەکە بەجۆرێک شێواوە کە پێشبینى هەژانێکى گەورە دەکرێت، لەم دۆخەدا بەرپرسیارییەتى سەرشانى سەرجەم هێز و لایەنە عێڕاقییەکان بەگشتى و، لایەنە پێکهێنەرەکانى ئیئتیلافى ئیدارەى دەوڵەتە بەتایبەتى، وردتر  هەڵسەنگاندن بۆ ڕەوشەکە بکەن بەتایبەتى ڕوداوى دوا بڕیارى دادگاى فیدراڵى عێڕاق لەبارەى لادانى سەرۆکى دەسەڵاتى یاسادانان کە ئاڵۆزییەکان زیاتر و قووڵتر دەکاتەوە، ئەمە لەکاتێکدا چاوەڕوانییەکان ئەوەبوون ئەو ئاڵۆزى و کێشانەى کە هەن چارەسەر بکرێن نەک بابەتى زیاتریان لەسەر کەڵەکەبکرێت بەجۆرێک کە ئاشتى کۆمەڵایەتى و سەقامگیرى دەخاتە مەترسییەوە.

پارتیمان، بە پەرۆشەوە لە ڕەوشەکە دەڕوانێت و نیگەرانى دواین پەرەسەندنە سیاسییەکانین، بۆیە بە پێویستى دەزانین دۆخى عێراق لە ڕووى سیاسى، ئەمنى، ئابوورى و، ئەگەرە چاوەڕوانکراوەکانى ناوچەکەوە لەبەرچاوبگیرێت و، بەرپرسیارانە هەنگاو بنرێت بۆ ڕێکخستنەوەى بارودۆخەکە لە ڕوانگەى دەستوورى هەمیشەیی و، جێبەجێکردنى ماددە و بڕگەکان و پڕنسیپەکانى ڕێککەوتنى ئیئتیلافى ئیدارەى دەوڵەت و کارنامەى حکوومەتى فیدراڵى، بە تایبەتى بڕگەکانى پەیوەست بە ئەنجوومەنى فیدراڵى و دادگاى فیدراڵى. هەروەها بگەڕێینەوە بۆ بنەماکانى بونیادنانى عێڕاقێکى نوێ (شەراکەت، تەوافق، تەوازن) و سەروەرى دەستوور بچەسپێنرێت کە تاکە زامنى پێکەوەژیان و سەقامگیرى و پێکەوەیى عێراقە.


ئەم بابەتە 11986 جار خوێندراوەتەوە