ڕووسیا و چین لەبارەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران مەرج دادەنێن

پەیامی کورد    ...   ڕووسیا و چین لەبارەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران مەرج دادەنێن 

"سێرگئی لاڤرۆف" وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندبوو کە ووڵاتەکەی لەبابەتی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران داوای گەرەنتی بە نووسراوی ئەمریکای دەوێت، لەهەمبەر بوارەکانی هاوکاری بازرگانی، پیشەیی  و نیزامییەکانی نێوان ریژیمی ئێران و ڕووسیا.

هەروەها "چینیـ"یش لە ڕێگای دوو دیپلۆماتی خۆیەوە کە ڕاستەوخۆ لە دانیشتنەکانی " ڤییەننا " بەشدارن ڕایگەیاندبوو کە چین وەکوو ڕووسیا گەرەنتی لە ئەمریکا دەوێت کە لە ئەگەری هاوکاری چین لەگەڵ ئێران، نابێت کۆمپانیاکانی ئەو ووڵاتە لەلایەن ئەمریکاوە گەمارۆیان بخرێتە سەر.

لێدوانی بەرپرسانی "چینـ"ـی بەدوای ئەوەدا هات کە چەند کاتژمێر پێشتر وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئەو داوایەی لە ئەمریکا کردبوو.

زۆربەی ڕاگەیاندنەکانی دەرەوە مەرجەکانی "لاڤرۆفـ"یان بۆ ڕێککەوتنی "بەرجام" بە "هاویشتنی نارنجۆک" وەسف کردووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا بەرپرسێکی کۆماری ئیسلامی ئەو هەنگاوەی ڕووسیای بە "نەگونجاو" زانی.

لێدوانەکانی "لاڤرۆف" لە حاڵێکدان کە ڕووسیا بەهۆی هێرش و داگیرکارییەکانی بۆ سەر ئۆکراین لە باری نێودەوڵەتییەوە کەوتووەتە پەراوێزەوە و ووڵاتانی ئەورووپایی هەڕەشەی گەمارۆی بانکی، وەبەرهێنانی پێشکەوتوو، نەوت و گازیان لە ڕووسیا کردووە.


ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە