ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی دارایی یەوە سەبارەت بە بەکارهێنانی داهاتی ناوخۆ لە مووچەی فەرمانبەران

پەیامی کورد   ...  ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی دارایی یەوە سەبارەت بە بەکارهێنانی داهاتی ناوخۆ لە مووچەی فەرمانبەران 

بەرێوبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان لە وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، لێکدانەوەی هەڵە بۆ داهاتی ناوخۆی هەرێم کراوە، دەوترێت داهاتی ناوخۆ 320 ملیار دینارە بەڵام داهاتی کۆتایی ناوخۆ 170 ملیار دینارە، چوونکە ئەو بەرێوبەرایەتییانەی داهاتی ناوخۆ پەیدا دەکەن 25٪ی دەگەرێتەوە بۆ وەزارەکەیان و بەکاری دەهێننەوە، بۆیە ناتوانرێت تەواوی داهاتی ناوخۆ لە مووچەدا بەکاربهێنرێت.

مەولود سابیر بەڕێوبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان لە وەزارەتی دارایی رایگەیاند، بە هەڵە لێكدانەوە لە بابەتی هەژماركردن و لێكدانەوەی داهاتی هەرێمی كوردستان هەیە، هەموو داهات بە نەقدی نییە تاوەكوو بۆ مووچە تەرخان بكرێت، بۆ نموونە دەوترێت 320 ملیار دینار داهاتی ناوخۆیە، ئەو لێكدانەوەیە هەڵەیە، بەڵكوو دەبێت داهاتی كۆتایی ئەژمار بكەین، بزانین چەندە.

ئاماژەی بەوەشکرد، داهاتی كۆتایی ئەو بڕەیە، كە وەكوو نەقد دەتوانین بۆ مووچە و پێشینەی فەرمانگەكان و پێداویستی حكوومەت بەكاری بهێنین، ئێمە لە بانك قەیدمان هەیە، ئەوەش نەقد و كاش نییە، گەڕانەوەی پێشینە و قەرزەكان بە داهات هەژمار كراوە، ئەوەش داهات نییە، بەڵكوو یەكلاكردنەوە و تەسوییەیە.

ووتیشی، " "داهاتی نەقد ئەوەی هەیە لە هەولێر و دهۆك و سلێمانی، مانگانە 170 ملیار دینارە و داهاتی كۆتاییە."

ئەوەشی خستەڕوو، هەندێك لە وەزارەتەكان بەشێكی داهات بۆ خۆیان دەگێڕنەوە و خەرجی دەكەن، بۆ نموونە، لە هاتووچۆ لە وەزارەتی ناوخۆ 25%ی داهات بۆ خۆیانە و هەموو داهاتەكە بۆ ئەوان نییە، تاوەكوو بەكاری بهێنین، لە زۆر لە وەزارەتەكان رێژەیەك لەو داهاتەی دەستیان دەكەوێت و دێتە بانكەكان دیاری كراوە، رێژەكە بۆ خۆیان بەكاری دەهێنن.

مەولوود سابیر باسی لەوەشکرد، وەكوو حكوومەت بە شەفافی كار دەكەن و داتاكانیش هەموی لەبەردەستمانن و بە بەڵگە هەن، بەڵام لە باسی داهات ناتێگەیشتن هەیە، داهاتی كۆتایی ئەوەیە كە ئێمە دەتوانین وەكوو نەخت بۆ مووچە و خەرجییەكانی حكوومەت بەكاری بهێنین، كە چەندین خەرجی هەیە و بەردەوام پێویستی بە پارە و تەمویل هەیە.


ئەم بابەتە 11985 جار خوێندراوەتەوە