ڕۆژنامەنووسی ئیسرائیلی : هەواڵی دەستبەسەرکردنی دیپلۆماتکاری بەریتانی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، ساختەیە و دوورە لە ڕاستی
پەیامی کورد ... ڕۆژنامەنووسی ئیسرائیلی : هەواڵی دەستبەسەرکردنی دیپلۆماتکاری بەریتانی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، ساختەیە و دوورە لە ڕاستی!
باراک راڤید، ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئیسرائیلی لە تویتەر دا بڵاوی کردەوە: دیپلۆماتکارێکی ئەورووپی بە منی گوت؛ هەواڵەکەی کۆماری ئیسلامی کە گوایە یاریدەدەری باڵیۆزی بەریتانیایان دەستبەسەر کردووە، دوورە لە ڕاستی.
ناوبراو نووسیویەتی: ئەم دیپلۆماتکارە دەشلێت؛ دیپلۆماتکارێک کە کۆماری ئیسلامی دەڵێت دەستبەسەرم کردووە، زیاتر لە مانگێکە لە دۆخێکی ئاسایی ئەرکەکانی لە نێو ئێران کۆتایی پێی هێناوە و گەڕاوەتەوە بۆ بەریتانیا.
لەلایەکی دیکەشەوە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ڕایگەیاند: ڕاپۆرتەکانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە دەستبەسەرکرانی یاریدەدەری باڵیۆزی بەریتانیا بە تۆمەتی "سیخوڕی" دوورە لە ڕاستی.
هەواڵدەرییەکانی کۆماری ئیسلامی لەم ڕۆژانەدا گرتە ڤیدیۆیەک بە ناوی "پێناسەکردن و دەستبەسەرکرانی دیپلۆماتکارە سیخوڕەکانی ڕۆژئاوایی لە ناوچەی قەدەخە کراو"ی بڵاو کردووەتەوە.
هەواڵگری سوپای پاسداران ڕایگەیاندووە چەند دیپلۆماتکارێکی ئەورووپی لە تاران دەستبەسەر کراون کە یەکێکیان یاریدەدەری باڵیۆزی بەریتانیایە و هۆکارەکەشی سیخوڕی لە ناوچەی قەدەخە کراو ڕاگەیێندراوە
ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە