ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی : دەزگای هەواڵگری ئۆکراین هەوڵی کوشتنی سوپاسالاری ڕووسیایاندا بەڵام ئەمریکا ڕێگری لەم کارە کرد

پەیامی کورد   ...  ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی : دەزگای هەواڵگری ئۆکراین هەوڵی کوشتنی سوپاسالاری ڕووسیایاندا بەڵام ئەمریکا ڕێگری لەم کارە کرد

ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی لەڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، دەسەڵاتدارانی ئۆکراین ویستوویانە ڤالێری گراسیمۆڤ ، سوپاسالاری ڕووسیا لەکاتی سەردانی بەرەکانی پێشەوەی جەنگ تیرۆر بکەن، بەڵام ئەمریکا ڕێگری کردووە.
بەگوێره‌ى ناوەڕۆکی ڕاپۆرتی ئەم ڕۆژنامە ئەمریکییە ، لەکاتی سەردانی گیراسیمۆڤ بۆ هێڵەکانی پێشەوەی شەڕی ڕووسیا لە ئۆکراین ، دەزگای هەواڵگری ئۆکراین هەوڵیانداوە ناوبراو تیرۆربکەن، بەڵام ئەمریکا ڕێگەی نەداوە مانگە دەستکردەکانیان زانیاری سەبارەت بە جووڵە و شوێنی ئەو فەرماندە باڵایەی ڕووسیا بدەنە ئۆکراینی یەکان.
ئەلێکسی ئەریستۆڤیچ ڕاوێژکاری سەرۆکی ئۆکراین ووتوویه‌تى:"لەمانگی ئابی ڕابردوو پڕۆسەی کوشتنی سەرۆک ئەرکانی سوپای ڕووسیا لەشارۆچکەی ئیزومی سەر بەخارکێڤ دانراوە".
ده‌شڵێت:"هێزەکانیان توانیویانە ئەو بارەگایە بەئامانج بگرن کە ئەو فەرماندە باڵایەی ڕووسیای لە ناودابووە، بەڵام کەمێک پێش بەئامانجگرتنەکە جێگاکەی جێهێشتوە".
لەبەرامبەر ئەو هەواڵەدا، میدیاکانی ڕووسیا بڵاویانکردۆتەوە، سوپاسالاری ڕووسیا ڕایگەیاندوە، هەر لەبنەڕەتەوە سەردانی هێڵەکانی پێشەوەی شەڕی لەئۆکراینی نەکردوە تاوەکوو هەوڵی تیرۆرکردنی بدرێت.
وتووشیه‌تى:"ئەوەی ئەمریکی و ئۆکراینی یەکان دەیڵێن سەرلەبەری چەواشەکارییە، بەوپێیەی پێشتریش نیویۆرک تایمز بڵاویکردبۆوە، پووتین گیراسیمۆڤی لەپۆستەکەی دوورخستۆەتەوە، چوونكه‌ ڕووسیا خەریکە هیچ مووشەکێکی زیرەکی نامێنێت لە ئۆکراین دا بەکاریبهێنێت".


ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە