ڕۆیتەرز : لە هێرشە مووشەکییەکەی ئیسرائیل چەندین پسپۆڕی فڕۆکە بێفڕۆکەوانی سوپای پاسداران و سووریا کوژران و بریندار بوون
پەیامی کورد ... ڕۆیتەرز : لە هێرشە مووشەکییەکەی ئیسرائیل چەندین پسپۆڕی فڕۆکە بێفڕۆکەوانی سوپای پاسداران و سووریا کوژران و بریندار بوون
سێ ڕۆژ دوای هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوەکانی ناوچەیەکی ئەمنی گەورە و پارێزراو لە دیمەشقی پایتەختی سووریا، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە کە ئەو هێرشە مووشەکییە پسپۆڕانی پەرەپێدان و بەرهەمهێنانى فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی کۆماری ئیسلامی و سووریای کردووەتە ئامانج.
لەم ڕاپۆرتەدا ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زمانی سەرچاوە ئاگادارەکانی خۆی نووسیویەتی کە سێ ڕۆژ لەمەوبەر سوپای ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی کردە سەر دامەزراوەیەکى سەربازی لە دیمەشق کە سوپای پاسدارانى کۆمارى ئیسلامى لەگەڵ هێزەکانی سووریای تێدا نیشتەجێن.
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری ئاژانسی ڕۆیتەرز، لەم سەربازگە ئێرانی ـ سوورییە، "شارەزایانی تەکنیکی لە بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان" لە ڕۆژی یەکشەممە کۆبوونەوەیان هەبووە کە تیایدا باسیان لە بەرنامەی "پەرەپێدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان یان توانای مووشەکی" کۆماری ئیسلامی لە سووریا کردووە.
سەرچاوەیەکیش بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ووتووە کە لە هێرشە ئاسمانییەکەی ڕۆژی یەکشەممەی ئیسرائیل، "بەرپرسێکی ئێرانی کە بەرپرسێکی پلەباڵا نەبووە لەگەڵ ئەندازیارێکی سووری کوژراون". میدیاکانی سووریاش پێشتر بڵاویان کردبووەوە کە لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا ٥ کەس کوژراون و ١٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی دیکەی ئاگادار بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، "یەکێک لە ئەندازیارەکانی سوپای پاسداران" کە بەشداری کۆبوونەوەکەی ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردووی کردبوو، بە سەختی بریندار بووە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی تاران. ئەم سەرچاوەیە هەروەها کوژرانی ئەندازیارێکی سوپای سووریاشی پشتڕاست کردووەتەوە.
بەپێی هەواڵی میدیاکان، بەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی ڕێبەندان، ٤ فڕۆکەی ئێف ١٦ی سوپای ئیسرائیل دامەزراوەیەکیان لە دیمەشق کردە ئامانج و لەم هێرشەدا لانیکەم ٧ بەرپرسی سەربازی سوریا کوژران.
ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی سووریا، سانا، "هێرشەکەی ئیسرائیل"ی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند، پێنج کەس لە نێویاندا سەربازێک لە "ناوچەیەکی نیشتەجێبوون" کوژراون و ١٥ هاووڵاتی مەدەنیش بریندار بوون.
بەرپرسێکی سەربازی ئیسرائیل بەبێ پشتڕاستکردنەوەی هێرشەکەی ووڵاتەکەی بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، بەشێک لە قوربانییەکان بەهۆی "تەقەکردنی هەڵەی سیستەمى دژە مووشەکی سووریاوە بووە".
سەرچاوەیەکی دیکەش کە دەستى بە ڕاپۆرتەکانی بەڕپرسانی ئەمنی سوریا گەیشتووە به ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە که پسپۆڕانی ئێران له باڵەخانەیەکی نیشتەجێبووندا لەگەڵ سەربازانی سوریا کۆ بووەنەتەوە و ئەوێ کراوەتە ئامانج.
بە ووتەی ناوبراو، یەکێک لە کوژراوەکان ئەندازیاری سوپای سووریایە و لە ناوەندی لێکۆڵینەوە و لێکۆڵینەوەی زانستی سووریا کاری کردووە. بە ووتەی ووڵاتانی ڕۆژئاوا ئەم ناوەندە دامەزراوەیەکی سەربازییە کە مووشەک و چەکی کیمیایی بەرهەم دەهێنێت. دیمەشق ئەم تۆمەتە ڕەت دەکاتەوە.
هەروەها سەرچاوەیەکی ئەمنی لە ناوچەکە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، یەکێک لە ئەندازیارەکانی سوپای پاسداران کە بەشداری لە بەرنامەی مووشەکی کۆمارى ئیسلامى لە سووریا کردووە، بە سەختی بریندار بووە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی تاران و دوو ئەندامی دیکەی پلە مامناوەندی سوپای پاسدارانیش لەم کۆبوونەوەیەدا بوونە، بەڵام بریندار نەبوون
ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە