ڕێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆكی حكوومەت سەبارەت بە نەمانی لێبڕینی مووچە زانیاری نوێ ئاشکرادەکات
پەیامی کورد ... ڕێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆكی حكوومەت سەبارەت بە نەمانی لێبڕینی مووچە ، زانیاری نوێ ئاشکرادەکات
رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری وەبەرهێنان و راژەی گشتی رایگەیاند، ئەگەر حکوومەتی عێراق بەشە بوودجەی هەرێم بنێرێت، لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە سەرپشککراون کە ٣٠ رۆژ جارێک مووچە بدرێت، هەروەها ئەگەر ئەو داهاتە بەشیکرد ئەو لێبڕینە نەمێنێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە لەپەراوێزی کۆنفرانسی هەرێمی کوردستانی عێراق لەهەولێر، رێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری وەبەرهێنان و راژەی گشتی رایگەیاند، "دوای پەسندکردنی بوودجە دەبوو حکوومەتی عێراق ئەو رێنوێنیانەی کە دەریکردون بۆ جێبەجێکردنی بوودجە جێبەجی بکات. ئەو بەشەی کە پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، کە داوای شاندی هەرێمی کوردستان بکەن بە تایبەت شاندی تەکنیکی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بۆ ئەوەی بچێتە بەغدا لەسەر شێوازی جێبەجێکردنی یاسای بوودجە لەگەڵ حکوومەتی عێراق بە تایبەت وەزارەتە پەیوەندیدارەکان قسە بکەن. هەر بۆ ئەو مەبەستەش شاندی ئێمە لەبەرنامەیدا هەیە هەفتەی داهاتوو بچێتەوە بەغدا".
لەبارەی دواکەوتنی بوودجە بۆ ئەو مانگە و دابەشکردنی مووچە، رێباز حەملان ووتی، "ئێمە وەکوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامین لە پێدانی مووچە، چاوەڕێی بەغدامان نەکردوە ماوەی چوار مانگە خۆمان مووچەمان داوە لەسەر ئەو داهاتەی هەمانە لە نەوت و باج و دەروازە سنوورییەکان و لەو رسوماتانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیەتی".
سەبارەت بە لێبڕینی مووچە و ئەگەری لابردنی یان کەمکردنەوەی، رێباز حەملان ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەوەی بەغدا ئەگەر بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە هێشتا ئەو ژمارەیە دیار نییە کە حکوومەتی عێراق چەند دەنێرێت لە چوارچێوەی بوودجە، ئەگەر ئەو بەشەی نارد لەگەڵ ئەو داهاتەی کە لەبەر دەستمان دەمێنێتەوە، وەکوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی و ئابووری لەلایە سەرۆک وەزیرانەوە سەرپشککراون کە ٣٠ رۆژ جارێک مووچە بدرێت، هەروەها ئەگەر ئەو داهاتە بەشیکرد ئەو لێبڕینە نەمێنێت، ئەگەر بەشی نەکرد رێژەکەی زۆر کەمدەبێتەوە".
ئەم بابەتە 11998 جار خوێندراوەتەوە