ڕێكار و ئامادەكارییەكانی كۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق دەخرێتە ڕوو و ئاشكرای دەكرێت
پەیامی کورد ... ڕێكار و ئامادەكارییەكانی كۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق دەخرێتە ڕوو و ئاشكرای دەكرێت
سەرچاوەیەك لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ڕێكار و ئامادەكارییەكانی كۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق دەخاتە ڕوو و ئاشكرای دەكات، رێژەی تۆماری بایۆمەتری لەسەر ئاستی عێراق گەیشتە لەسەدا ٦٠ و پێدەچێت ماوەكەی درێژ بكرێتەوە.
سەرچاوەیەكی باڵا لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ڕایگەیاند: "كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵژاردنەكانی عێراق، بەپێی خشتەیەكی زەمەنی كە دایناوە، رێكار و ئامادەكارییەكانی بەڕێوە دەچن و، بەپێی ئەو خشتەیەش ئامادەكارییەكان لە كاتی خۆیدا تەواو دەبن".
ئەو سەرچاوەیە ڕاشیگەیاند: "رێژەی تۆماری بایۆمەتری لەسەر ئاستی عێراق، گەیشتە لەسەدا ٦٠ و، لە بەرنامەدایە ماوەی تۆماركردنی بایۆمەتری درێژ بكرێتەوە بۆ ١٥ رۆژ، یاخود مانگێك، كە لە ١ی مانگی ٤ كۆتایی دێت، بەڵام هێشتا بە فەرمی ئەو بڕیارە نەدراوە".
سەرچاوەكەی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لەبارەی ژمارەی كاندیدانیش بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق، كە تا ئێستا تۆمار كراوە، ئاماژەی دا: "كاتی تۆماركردنی ناوی كاندیدان لە ٩-١-٢٠٢١ دەستی پێ كردووە و لە بەرواری ١٧-٤-٢٠٢١ كۆتایی دێت، تاكوو ئێستا ٣٠ كاندید لە حیزبە سیاسییەكان و، ٤ كاندید لە نێو هاوپەیمانییەكی سیاسی و، ١٧٨ كەس بە شێوەی سەربەخۆ ناوی خۆیان لە كۆمیسیۆن تۆمار كردووە".
دەشڵێت: "تاكو ئێستا لە پێكهاتەی فەیلی ٤ كاندید و، لە پێكهاتەی ئێزدی ٥ كاندید، ناوی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق تۆمار كردووە".
سەبارەت بە هاوپەیمانی لایەنە سیاسییەكانیش بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق، ئەو سەرچاوەیە روونی كردەوە: "ماوەی تۆماری هاوپەیمانی سیاسی لە ٩-١-٢٠٢١ دەستی پێكردووە تاوەكو ١-٥-٢٠٢١ بەردەوام دەبێت، تاكوو ئێستاش ٨ هاوپەیمانی سیاسی ناوی خۆیان تۆمار كردووە و بە فەرمی دەیانەوێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بەشدار بن، كارەكانیش بەردەوامن بۆ تۆماركردنی هاوپەیمانیی سیاسی تاوەكو ئەو كاتەی دیاری كراوە".
بڕیاروایە لە مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵدا، هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە بچێت، كە بڕیار بوو لە ٦ ی حوزەیرانی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت، بەڵام حكوومەتی عێراق بە هۆكاری تەواونەبوونی ئامادەكارییە پێویستەكان بۆ هەڵبژاردن، كاتەكەی دواخست بۆ مانگی ١٠ی ئەمساڵ و لە ئێستاشدا ئامادەكارییەكان بۆ ئەم مەبەستە بەردەوامن.
ئەم بابەتە 11993 جار خوێندراوەتەوە