ڕێواز فایەق : کەس نابێت ببێتە رێگرلەوەی گەلی کورد ببێتەخاوەن دەستوور
پەیامی کورد ... ڕێواز فایەق : کەس نابێت ببێتە رێگرلەوەی گەلی کورد ببێتەخاوەن دەستوور
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، لەماوەی رابردوودا لەگەڵ لایەنەکان و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کۆبوونەتەوە لەبارەی چۆنیەتی ئامادەکردن و کارەکانی نووسینەوەی دەستور، وەک سەرۆکایەتی پەرلەمانیش باوەڕیانوایە دەبێت نووسینەوەی دەستور هەوڵێک بێت بۆ رێککردنەوەی لارییەکان و پێشوەختیش ناکۆکی سەرەکی لایەنەکان و پرسی سنوور یەکلایی بکرێنەوە.
د.رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفرانسی "یەكڕیزی و دەستوور" کەئەمڕۆ لەشاری هەولێر بەڕێوەچوو ووتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، کەس نابێت ببێتە رێگرلەوەی گەلی کورد ببێتەخاوەن دەستوور و لایەنەکانی هەرێمی کوردستان لەماوەی 30 ساڵی رابردودا نەیانتوانیوە دەستورێک بنوسنەوە، لەئێستاشدا کە هەوڵێک هەیە بۆ نووسینەوەی دەستوور دەبێت هەوڵێک بێت بۆ رێککردنەوەی لارییەکان و گەرەنتیکردنی مافی سەرجەم چین و توێژ و پێکهاتەکان.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەماوەی رابردوودا لەگەڵ لایەنەکان و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کۆبوونەتەوە لەبارەی چۆنیەتی ئامادەکردن و کارەکانی نووسینەوەی دەستور و جەختیانکردوەتەوە کەپێویستە یەکەم هەنگاو، چارەسەرکردنی ئەو خاڵانە بێت کە ناکۆکیان لەسەرە لەنێوان لایەنەکان لەگەڵ یەکلاییکردنەوەی پرسی سنور و ناوچە کێشەلەسەرەکان.
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، بۆ هەنگاوەکانی نوسینەوەی دەستور و چارەسەری ئاستەنگییەکان پێشنیاز دەکەن زانکۆکان و کەسانی ئەکادیمی لەرێگەی کۆنفرانس و چالاکی ئەکادیمییەوە هاوکاری سەرۆکایەتییەکانی هەرێم بن و لەپرسی نوسینەوەی دەستوردا پێشنیازەکانیان بخەنەڕو.
ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە