ڕێژەی وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران بۆ ئەمساڵ دیاری کراوە
پەیامی کورد ... ڕێژەی وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران بۆ ئەمساڵ دیاری کراوە
بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند : "ئێمە گفتوگۆمان لەبارەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لەگەڵ حکوومەتی عێراق کردووە، ئەوان ڕێژەکەیان دیاری کردووە، ئەمساڵ ٤٠٠ھەزار تەن گەنم لە جووتیاران وەردەگرن، ھەر چەندە ئێمە ھەوڵماندا زیاتر بێت، بەڵام ئەوان لەو ڕێژەیە زیاتر وەرناگرن.
کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند "ئێمە ئەمساڵ ھەر زوو دەستمان بە گفتوگۆ لەگەڵ عێراق کرد بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان، ئەوان پێداگیریان کرد ئەمساڵ ٤٠٠ھەزار تەن گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان
وەربگرن، ئێمە داوای ڕێژەیەکی زیاترمان کرد، ڕێژەیەکی زیاتر لە جووتیاران وەربگرن، بەڵام ئەمساڵ بەھۆی کەم بارانی کاریگەری لەسەر بەرھەمی گەنم ھەبووە، ئەگەر بتوانین ئەو ڕێژەیە ڕادەستی سایلۆکان بکەین باشە، پار بەھۆی ھاتنی بارانی زۆر بەرھەممان زۆر باش بوو."
کەریم سلێمان ووتیشی "کەمبارانی زۆر کاریگەری لەسەر بەرھەمی گەنم هەبووە و پار ئێمە ٧٠٠ھەزار تەنمان ڕادەستی سایلۆکان کرد، ئەمساڵ ئەگەر وەکو پار باران بباریبوایە دەمانتوانی ڕێژەیەکی زیاتر گەنم ڕادەست بکەین، بەڵام ئەمساڵ کەمتر دەبێت، ھەر چەندە خەڵکێکی زۆر بیری ھەیە و گەنم ئاودەدات، بەڵام ئەمساڵ عێراق زەوی دەیمی نەخستووەتە پلانی خۆی بۆ وەرگرتنی گەنم، تەنیا ئەو زەویانەی بەرچاو گرتووە کە پشت بە ئاوی ڕووبار و بیرەکان دەبەستن بۆ ئاودانی گەنم، ئێمە ئەوەمان قبوڵ نەکرد، گوتمان لە زۆر شوێن لای ئێمە باران دەبارێت و گرفتی نییە، ئەوان سووربوون ٤٠٠ھەزار زیاتر وەرناگرن، ھەرچەندە ئەمە بە دڵی ئێمە نەبوو و لە کۆتایی دا لە ئەنجوومەنی ئابووری عێراق بڕیاری کۆتایی درا ٤٠٠ھەزار تەن وەربگرن."
کەریم سلێمان باسی لەوەش کرد "کەم بارانی کاریگەری لەسەر ناوچە جیاجیاکان ھەبووە٫ بۆ بارانیش ھەندێک کاتی دیاریکراو ھەیە بۆ ئەوەی سوودی لێ وەربگرین، بارانی ئێستا دەبارێت سوودی بۆ بەندئاو و پۆندەکان ھەیە و ڕێژەی ئاو زیاد دەکات بەڵام سوود بە دانەوێڵەی داچێنراو ناگەێنێت."
ئەم بابەتە 43 جار خوێندراوەتەوە