ڕێکارێکی نوێ لە لایەن بانکی ناوەندییەوە سەبارەت بە دۆلار دەگیرێتە بەر

پەیامی کورد   ...  ڕێکارێکی نوێ لە لایەن بانکی ناوەندییەوە سەبارەت بە دۆلار دەگیرێتە بەر

بانكی ناوەندی عێراق بڕیاریدا، ڕێگە بە بردنە دەرەوەی 10 هەزار دۆلار زیاتر نادرێت لە سنوورەكان و فڕۆكەخانەكانەوە و ڕێكاری ڕێگەدان بە بردنەدەرەوەی دۆلاری لەو بڕە زیاتر دیاریكردووە.
بانكی ناوەندی عێراقی ڕایگەیاندووە، كە بەرپرسی یەكەمە لە چاودێریكردنی بانكەكان و كۆمپانیاكانی حەواڵە و دامەزراوە داراییەكان، هەروەها لیژنەی تایبەت دروست دەكات بۆ پشكنینیان و چاودێریكردنیان بە پێی یاسا.
بانکی ناوەندی عێراق ڕوونیكردووەتەوە، گواستنەوەی پارەی نەختینەیی (بە دینار و دۆلار) و هەر دراوێکی تر لە ناوخۆی عێراق ڕێگەپێدراوە بۆ سەرجەم کەسانی ئاسایی و یاسایی، بە بانک و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕ و کۆمپانیاکانی نێوەندگیری لە فرۆشتن و کڕینی دراوی بیانی و لقەکانیان لە سەرجەم پارێزگاکان .
هەروەها، بە ئامانجی ڕێگریکردن لە دەرچوونی پارەی نەختینەیی لە سنوور و دەروازەکان، کە زیاترە لەوەی لە ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندی 10 هەزار دۆلاردا دیاری کراوە، لایەنە ئەمنییە کارامەکان بەدواداچوون و پشکنینی ئۆتۆمبێلەکان لەسەر ڕێگاوبان و ڕێڕەوەکان دەکەن لە سنوورەکان بۆ ڕێگریکردن لە قاچاخچێتی و گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکی ناوەندی.
ئەوەش خراوەتەڕوو،  ئەو بڕە پارەیەی لە بانک و کۆمپانیاکانەوە دەنێردرێت بۆ لقەکانیان لەگەڵ بەڵگەنامەی لایەنی ناردن کە ووردەکاری نێرەر و ئاڕاستەکراو پیشان دەدات، هەروەها لە خاڵی کۆنتڕۆڵی دەرەکی لەسەر داواکاری پێشکەش دەکرێت، هەروەها لە ئەگەری دروستبوونی گومان یان پێویستی بۆ پشتڕاستکردنەوە، پەیوەندی بکەن بە بەشی کۆنترۆڵی بانکی لە بانکی ناوەندی.
هەرچەندە بانكی ناوەندی چەند بڕیارێكی بە ئاراستەی نزمكردنەوەی بەهای دۆلار و بەرزكردنەوەی بەهای دیناری عێراقیدا دەركردووە، جگە لەوەش 100 دۆلار بە 131 هەزار دەفرۆشێت، بەڵام بەهای دۆلار بە بەرزی ماوەتەوە و لە ئێستادا 100 دۆلار بە زیاتر لە 150 هەزار دینارە.


ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە