ڕێکخراوە ئەمنییەکانی ئەورووپا :  کۆماری ئیسلامی ئێران خەریکی درووستکردنی چەکی ئەتۆمییە

پەیامی کورد     ...    ڕێکخراوە ئەمنییەکانی ئەورووپا :  کۆماری ئیسلامی ئێران خەریکی درووستکردنی چەکی ئەتۆمییە

لە حاڵێکدا کە دیپلۆماتکارانی ڕۆئاوا هەموو هەوڵیان خستۆەتە گەڕ بۆ ئەوەی لێکگەیشتنی بەرجام لەگەڵ ئێران بە ئاکام بگات، ڕێکخراوە ئەمنییەکانی ئەورووپا ڕایانگەیاند کە کۆماری ئیسلامی خەریکی دروستکردنی چەکی ناوەکییە.

بەپێی ڕاپۆرتی “پۆلیتیکۆ”، ئەو زانیارییانەی کە رێکخراوە ئەمنییەکانی ووڵاتانی ئەورووپایی دەربارەی پڕۆژەی چەکی ئەتۆمی ڕێژیمی ئێران کۆیان کردووەتەوە، دەرخەری ئەوەیە کە هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆسەر جیهان.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە یەکیتی ئەورووپا بۆ گەڕاندنەوەی ئەمریکا بۆ بەرجام هەوڵی زۆر دەدا، ڕاپۆرتی ئاژانسەکانی ئەمنی ووڵاتانی ئەورووپایی دەیخەنەڕوو کە تاران لە ساڵی ٢٠٢٠ی زایینییەوە خەریکی درووستکردنی چەکی ئەتۆمی یا هەندێ چەکی دیکەی مەترسیداری کۆمەڵکوژییە کە ئەو هەنگاوەی ڕێژیمی ئێران مەترسییەکی جیددیە بۆ سەر کۆمەڵگەی جیهان.

ناوەندی ئەمنییەتی ووڵاتی سوید ڕایگەیاند کە، کۆماری ئیسلامی تائێستاش لەو وڵاتە سیخوڕی پیشەیی دەکا کە، ڕاستەوخۆ بەدژی پیشەسازیی پێشکەوتوی سوید و بەرهەمەکانی ئەو ووڵاتەیە، کۆماری ئیسلامی لەو بارەوە سەرمایەگوزارییەکی زۆری کردووە و بەشێک لەو سەرمایەیەی ڕێژیمی لە ووڵاتی سوئێد داندراوە و هەروەها ناوەندی ئەمنییەتیی ووڵاتی هولەندیش ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی لەو ووڵاتە خەریکی بەرهەمهێنانی چەکی کۆمەڵکوژە.

هەر بەم شیوەیە ناوەندە ئەمنییەکانی ئەورووپا باس لە درووستکردنی چەکی ئەتۆمی و کۆمەڵکوژ لەلایەن کۆماری ئیسلامی دەکەن و دەڵێین: ئەو هەنگاوەی ڕێژیم مەترسییەکی جیددی و هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆسەر مرۆڤایەتی و دەبێ کۆمەڵگەی جیهانی

 پێش بەو هەنگاوەی کۆماری ئیسلامی بگرێت.


ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە