ڕێگەپێدانی ئۆکراین بە ئەمریکا بۆ تاقیکردنەوە چەکەکانی لەو ووڵاتە
پەیامی کورد ... ڕێگەپێدانی ئۆکراین بە ئەمریکا بۆ تاقیکردنەوە چەکەکانی لەو ووڵاتە
بەگوێرەی رۆژنامەی " میلیتاری تایمز" ڤلادێمیر گاڤریلۆڤ جێگری وەزیری بەرگری ئۆکراین رایگەیاندووە کە کۆمپانیاکانی بواری درووستکردنی چەک لە ئەمریکا دەتوانن جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراین بۆ تاقیکردنەوەی چەک و چۆڵەکانیان و پڕۆژە سەربازییە تاقیکارییەکانیان بەکاربهێنن، جەختیشی کردۆتەوە کە ژمارەیەک کۆمپانیا بەکرداری ئەو کارەیان کردووە.
گاڤریلۆڤ لە کۆنگرەی کۆمەڵەی بەرگری نیشتیمانی ئەمریکا لە تەکساس رایگەیاند: ئەگەر بیرۆکەیەک یان پڕۆژەیەکی تاقیکارییت هەیە و پێویستی بەوەیە پێش قۆناغی بەرهەمهێنانی سەرەکی تاقیبکەیتەوە، ئەوە دەتوانن ئەو چەکانە بۆ ئۆکراین بنێرن و لە گۆرەپانی جەنگدا تاقییان بکەنەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەگەر دەرکەوت ئەو چەکانە لە جەنگی ئۆکراین دا کاراییان هەیە، ئەوە دواتر فرۆشتنیان بە ووڵاتان ئاسان دەبێت، جەختیشی کردۆتەوە کە ژمارەیەک لە کۆمپانیاکان ئەو چەکانەیان بۆ تاقیکاری رەوانەی ئەو ووڵاتە کردووە، لەوانە تەکنەلۆژیای دژە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و شێواندنی ئەلیکترۆنی.
هەروەک لەمانگی تەمووزی رابردوو، ئۆلێکسی ڕیزنیکۆڤ وەزیری بەرگری ئۆکراین رایگەیاند کە وڵاتەکەی بۆتە گۆڕەپانی تاقیکردنەوەی چەکەکان، هەروەک داواشی لە کۆمپانیاکانی درووستکردنی چەک لە ووڵاتانی رۆژئاوا کرد کە بەرهەمە نوێیەکانیان لە گۆڕەپانی جەنگ دژ بە رووسیا تاقیبکەنەوە.
لەماوەی رابردووشدا، دیڤید ڤان فیڵ جێگری سکرتێری گشتی ناتۆ باسی لەوەکردبوو کە هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی هەوڵ دەدات جەنگی ئۆکراین بەکاربهێنێت بۆ هێنانی تەکنۆلۆژیای زۆر ئاست بەرز بۆ ناو کەرتی بەرگری هاوپەیمانێتییەکە.
ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە