ڕەوتی حیکمە سەبارەت بە هەڵبژاردنەوەی دووبارەی موستەفا کازمی پەیامێک بڵاو دەکاتەوە
سەرکردەیەکی رەوتی حیکمە دەڵێت، "هەڵبژاردنەوەی موستەفا کازمی وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق، واتە بەردەوامیدانە بە کوشتار و پشێوی بۆ ماوەی چوار ساڵی دیکە".
حەسەن فەدعەم، سەرکردەی رەوتی حیکمە کە عەممار حەکیم سەرۆکەیاتی دەکات لەمیانی لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "ئەگەر هێزە سیاسییەکان موستەفا کازمی وەک سەرۆک وەزیرانی داهاتوو دەستنیشان بکەن، ئەوا چوار ساڵی دیکە بەردەوام دەبین لە کوشتار و پشێوی".
فەدعەم کە پەرلەمانتاری پێشووی عێراقە ووتیشی: ناتوانین بێدەنگ بین لەئاست کوشتنی خۆپیشاندەران، دەستی دەرەکی کاریگەری راستەوخۆی لەسەر کاروباری ناوخۆی عێراق و ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختە هەیە.
بە ووتەی ئەو سەرکردەیەی ڕەوتی حیکمە، "پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق، لە چوارچێوەی پلانێکدایە بۆ نەهێشتنی یان سنووردارکردنی دەسەڵاتی حەشدی شەعبی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل".
ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە