ژمارەیەکی بەرچاو کارتی دەنگدانی هاووڵاتیان دەگەرێتەوە هەولێر و هەرکەسێک ئەم کارتەی پی نەبێت لە مافێک بێبەش دەبێت

پەیامی کورد     ...    ژمارەیەکی بەرچاو کارتی دەنگدانی هاووڵاتیان دەگەرێتەوە هەولێر و هەرکەسێک ئەم کارتەی پی نەبێت لە مافێک بێبەش دەبێت

لە چەند رۆژی داھاتوودا، ژمارەیەكی بەرچاوی كارتی دەنگدەران دەگەڕێنەوە ھەولێر، بەرپرسی ئۆفیسی ھەولێری كۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەكانیش دەڵێ، پێویستە دەنگدەران بۆ وەرگرتنەوەی كارتەكانیان سەردانی بنكەكانی كۆمیسیۆن بكەن.

عەبدۆلڕەزاق موشیر، بەرپرسی ئۆفیسی ھەولێری كۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق، رایگەیاند، بڕیارە لە چەند رۆژی داھاتوودا ١٥٠ ھەزار كارتی دەنگدەران لە بەغداوە بگەڕێنەوە بۆ پارێزگای ھەولێر، كە كارتی ئەو دەنگدەرانەیە لە چوارچێوەی پڕۆسەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران بەشدارییان لە پڕۆسەی بایۆمەتری دەنگداندا كردووە.

بەرپرسی ئۆفیسی ھەولێری كۆمیسیۆن دەشڵێت، لەگەڵ گەیشتنی كارتەكان، لەلایەن تیمەكانی كۆمیسیۆنەوە دەست بە دابەشكردنیان دەكرێت و پێویستە ھەر دەنگدەرێك پێشتر بەشداریی بایۆمەتریی دەنگدانی كردبێت، سەردانی بنكەكانی كۆمیسیۆن بكات بۆ وەرگرتنەوەی كارتەكەی.

مۆشیر روونیشی كردەوە، پڕۆسەی بایۆمەتری و دابەشكردنی كارتی دەنگدان بەردەوامە تا كۆتایی ئەم مانگە و بەپێی بڕیاری كۆمیسیۆنیش، ھەر دەنگدەرێك بەشداری بایۆمەتری نەكردبێت و كارتی دەنگدانی نەبێت، مافی بەشداریكردنی لە ھەڵبژاردنی داھاتووی عێراقدا نابێت.


ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە